زانیاری نوێ سەبارەت بەو پەنابەرە عێراقییەی لە سوید 'قورئانی پیرۆز'ـی سووتاند

K24 - هەولێر:
سەلوان مۆمیکا تەمەن 37 ساڵ، ئەو پەنابەرە عێراقیەیە کە لە یەکەم رۆژی جەژنی قوربان لە شاری ستۆکهۆڵم لە سوید 'قورئانی سووتاند'.
سەلوان لە هەژماری فەیسبووکەکەی وەک کەسێكی لیبراڵی-عەلمانی و بێباوەڕ خۆی ناساندووە و، بە گوتەی خۆی، دامەزرێنەر و سەرۆکی حزبی یەکێتی سریانی بووە لە ساڵەکانی (2014 بۆ 2018)، ئێستاش ئەندامی حزبی دیموکراتی سویدە.
رۆژنامەنووس وەلید میقدادی لەمیانی بەشداریکردنی لە بەرنامەیەکی کەناڵی (arabicRT) لەبارەی ئەو پەنابەرە عێراقییەوە گوتی: سەلوان خەڵکی پارێزگای نەینەوایە و پێشتر سەرۆکی یەکەیەكی چەکداری بووە بە ناوی "سوقور ئەلسوریان" کە بۆ رزگارکردنی دەشتی نەینەوا لە دەستی چەکدارانی "داعش" پێکهێنرا.
ئاماژەی بەوەشدا، ساڵی 2017 سەلوان لە عێراق بەتۆمەتی ئەنجامدانی تاوانی جەنگ، بەڵام بە دەستێوەردانی نێودەوڵەتی ئازادکراوە و دواتر رووی کردووەتە وڵاتی سوید و "لەوێ بووەتە ئەندامی حزبێکی رەگەزپەرست".
سەلوان لە 6ـی شوباتی ئەمساڵ داوای لە دەسەڵاتدارانی سوید کردووە، بۆئەوەی رێگەی بدەن تا "کۆپیەک لە قورئان بسووتێنێت"، بەڵام ئەوکات بەهۆی ترسی دروستبوونی گرفتی ئەمنی، داواکەی رەتکراوەتەوە، دواتر لە دادگای کارگێڕی سکاڵای کردووە و لەوێوە رەزامەندی بۆ ئەنجامدانی ئەو کارە وەرگرتووە.
میقدادی پێی وایە، سەلوان تەنیا بۆ بەناوبانگبوون ئەو کارە دەکات، گوتیشی: هەڵسوکەوتی هەڕەمەکی سەلوان دەریدەخات، لە سیاسەتدا شارەزا نییە.
لای خۆیەوە، نەوال ئەلئیبراهیم ئەلتای، ئەندامی شارەوانی ئۆبلانس پرۆ لە ستۆکهۆڵم رایگەیاند، سەلوان گەر پشت و پەنای نەبا نەیدەتوانی ئەو کارە بکات، گوتیشی: سەرەڕای ئەمانە، سەلوان بە دوو تۆمەت لێپرسینەوەی لەگەڵ دەکرێت، یەکەمیان هاندان و، دووەمیان ئاگرکردنەوە لە شوێنی گشتیدا.
رۆژی 28ى حوزەیرانى 2023، کە هاوکات بوو لەگەڵ یەکەم رۆژی جەژنی قوربان "حاجییان"، پەنابەرێکی عێراقی لە سوید بەناوى (سەلوان مۆمیکا) لەبەردەم مزگەوتی گەورەی ستۆکهۆڵمی ئەو وڵاتە، کۆپییەکی "قورئانی پیرۆز"ی سووتاند. سووتاندنی ئەو کۆپییەی قورئان لەسەر ئاستی نێودەوڵەتی و ناوخۆیی کاردانەوەی لێکەوتەوە و بەشێک لە سوێدییەکانیش دژی ئەو کارە وەستانەوە.
دوای ئەو رووداوە، ئێوارەی رۆژی پێنجشەممە 29ی حوزەیرانی 2023، وەزارەتی دەرەوەی عێراق باڵیۆزی سوێدی لە بەغدا بانگهێشتکرد و "نامەیەکی تووندی ناڕەزایەتی" پێدا بەهۆی "مۆڵەتدانی دەسەڵاتدارانی شاری ستۆکهۆڵم بە سووتاندنی قورئانی پیرۆز لەلایەن ئەو پەنابەرە عێراقییەوە."
هەڵوێستەکەی ئەو پەنابەرە عێراقیە، لە عێراق و وڵاتانی دیکە کاردانەوەی تووندی بەدوادا هات، لە سەرکۆنەکردن و بانگکردنی باڵیۆزانی سوید بەتایبەت لە وڵاتانی عەرەبی و ناڕەزایەتی دەربڕین خۆی بینیەوە، بەڵام لە عێراق تووندترین هەڵوێست روویدا و خۆپیشاندەران ئێوارەی پێنجشەممە چوونە نێو باڵیۆزخانەی ئەو وڵاتە لە بەغدا.
ئێوارەی ئەمڕۆش خۆپیشاندانی ملیۆنی لایەنگرانی سەدر لە دژی سووتاندنی "قورئانی پیرۆز" لە بەردەم باڵیۆزخانەی سوید لە بەغدا بەڕێوەدەچێت، بەڵام بهكارهێنانی ئاڵای سهرایا سهلام، گوتنەوەی دروشم و بەرزکردنەوەی هەموو جۆرە وێنەیەک لە خۆپیشانداکەدا قەدەغە کراوە.