جارێکی دیکە سوتاندنی قورئانی پیرۆز لە سوید موسڵمانان نیگەران دەکات

K24 - هەولێر

لە یەکەم رۆژی جەژنی قوربان لە شاری ستۆکھۆڵمی پایتەختی سوید، کەسێکی بە رەچەڵەک عێراقی بە ناوی سەلوان مۆمیکا لە بەردەم مزگەوتی ستۆکھۆڵم قورئانی پیرۆزی سووتاند.

سەلوان مۆمیکا، ھاتووەتە بەردەم مزگەوتی ستۆکھۆڵم لە ناوچەی مێدبەرگەرەپلاتسن، سەرەڕای کاردانەوەکانی خەڵکی دەوروبەری، قورئانی پیرۆزی فڕێدایە سەر زەوی و پێی لەسەر دانا و پاشانیش سووتاندی.

لە بەرامبەر ئەو ئیستفزازییەی کە لە یەکەم رۆژی جەژنی قورباندا روویدا، بەڕێوەبەرایەتی پۆلیسی ئەو ستۆکهۆڵم بۆ رێگریکردن لە سەرھەڵدانی ھەر رووداوێک لە شارەکە، سەرجەم پۆلیسەکانی ئەو شارەی بۆ بەردەم مزگەوتی ستۆکھۆڵم بڵاوە پێکردبوو.

مەحموود خەلفی سەرۆکی، وەقفی مزگەوتی ستۆکھۆڵم، کە کاردانەوەی بەرامبەر رێگەدان بە ئەنجامدانی ئەو ئیستیفزازییە نیشاندا، "رایگەیاند کە ئەو کردەوەیە موسڵمانانی بە قوڵی خەمبار کردووە".

ھاوکات سەرۆکی گشتی پارتی رەنگی جیاواز لە سوید، میکایل یوکسەل ئیدانەی ئەو کردەوە ئیستیفزازییەی کرد.

سەرۆکی گشتی پارتی رەنگی جیاواز لە سوید، میکایل یوکسەل لە لێدوانێکدا گوتی: "لە کاتێکدا حکومەتی سوید کار لەسەر قەدەغەکردنی باڵاپۆشی لە قوتابخانەکاندا دەکات، سوتاندنی قورئانی پیرۆز لە جەژنی قورباندا بە قوڵی ئازاری موسڵمانانی دا".

لەلایەکی دیکەوە، ڤلادیمێر پوتن سەرۆکی رووسیا لەسەر ئەو بابەتە، لە کۆبوونەوەی لەگەڵ نوێنەری موسڵمانانی داغستان رایگەیاند، سووتاندن و بێ رێزیکردن بە قورئان لە رووسیا بەپێی دەستوور و یاسای سزادان تاوانە و لە داهاتووشدا پابەندی ئەو یاسایە دەبن.

سەرۆکی رووسیا گوتیشی: "ئێمە ئەوە دەزانین کە لە وڵاتانی دیکەدا بەشێوەیەکی جیاواز مامەڵە لەگەڵ قورئاندا دەکرێت، رێز لە هەستی ئایینی خەڵک ناگرن، سەرەڕای ئەوەش دەڵێن ئەمە تاوان نییە، بەڵام لە وڵاتی ئێمە بەگوێرەی دەستوور و یاسای سزادان، تاوانە و لە داهاتووشدا هەر پابەندی ئەم یاسایانە دەبین".

لە مانگی شوباتی 2023 لە سوید، سەلوان مۆمیکای بە رەچەڵەک عێراقی و کریس ماکۆندئاوت کە بە رەچەڵەک ئەفریقییە ویستبوویان قورئانی پیرۆز لە بەردەم هەردوو باڵیۆزخانەی عێراق و باڵیۆزخانەی تورکیا لە ستۆکھۆڵم بسوتێنن، بەڵام پۆلیسی ئەو وڵاتە بە ھۆکاری ئەمنیی رێگەی بەم ئیستفزازیانە نەدابوو.

دواتریش مۆمیکا و ماکۆندئاوت بڕیارەکەی پۆلیسیان گواستەوە بۆ دادگا.

بەم پێیەش دادگای کارگێڕی سوید بڕیارەکەی پۆلیسی لە ٤ی نیسان ھەڵوەشاندەوە و ئاماژەی بەوەدا کە "نیگەرانی مەترسییەکانی ئەمنیی" بەس نییە بۆ سنووردارکردنی مافی خۆپیشاندان.

لە بەرامبەر ئەمەشدا پۆلیسی ستۆکھۆڵم بڕیارەکەی بەرزکردەوە بۆ دادگای باڵای سوید.

بە ھەمان شێوە دادگای باڵا ئەم بڕیارەی دادگای کارگێڕی پەسەند کرد و لە 12ی حوزەیران بڕیارەکەی پۆلیسی لەمەڕ "قەدەغەکردنی سوتاندنی قورئانی پیرۆز" ھەڵگرت.

سەرچاوە: AA