وەرزی داهاتوو پێنج ناوبژیوانی کورد لە خولی نایابی عێراق سیستەمی ڤار جێبەجێ دەکەن

سیستەمی ڤار
سیستەمی ڤار

وەرزی داهاتوو پێنج ناوبژیوانی کورد لە خولی نایابی عێراق سیستەمی ڤار جێبەجێ دەکەن، تا ئێستا دوو قۆناخی خولێکیان تەواو کردووە و تاوەکو سەرەتای مانگی ئۆکتۆبەر بۆ جێبەجێکردنی سیستەمی ڤار بە تەواوەتی ئامادە دەبن.

ئەمڕۆ پێنجشەممە 20ـی یۆلیۆی 2023، قۆناخی دووەمی خولی فێربوونی چۆنییەتی جێبەجێکردنی سیستەمی ڤار لە بەغدا کۆتایی هات، کە خولەکە لەلایەن عەلی تەریفی و نەجاح رەحم وانەبێژی سعوودی بەڕێوە دەبرا، 45 ناوبژیوان بۆ ناو یاریگا و 15 ناوبژیوان وەکو کارپێکەری ڤیدیۆی سیستەمی ڤار بەشداریی خولەکەیان کردووە.

پێنج ناوبژیوانی کورد بەشداریی خولەکە دەکەن کە پێکهاتوون لە یوسف سەعید و ئەمیر داود و ئومێد مستەفا وەکو ناوبژیوان و هەریەکە لە توانا عوسمان و ئەحمەد جەلالیش وەکو کارپێکەری ڤیدیۆیی سیستەمی ڤار بەشدارییان لە خولەکە کردووە و دووەمین قۆناخیان تێپەڕاند.

مانگی داهاتوو قۆناخی سێیەمی خولەکە بەڕێوە دەچێت و ناوبژیوانەکان مانگی سێپتێمبەر دوایین دوو قۆناخی خولەکە ئەنجام دەدەن کە خولەکە لە پێنج قۆناخ پێک دێت و بەسداربووانی خولەکە بۆ سەرەتای مانگی ئۆکتۆبەر ئامادە دەبن، کە وابڕیارە لە ناوەڕاستی مانگی ئۆکتۆبەر وەرزی نوێی خولی نایابی عێراق دەستپێبکات.