رێکخراوی هاریکاری ئیسلامی سەرکۆنەی دەستدرێژیکردنە سەر قورئانی پیرۆز ده‌كات

K24 - هەولێر:

رێکخراوی هاریکاری ئیسلامی سەرکۆنەی دەستدرێژیکردنە سەر قورئانی پیرۆزی کرد لە بەردەم باڵیۆزخانەی عێراق لە ستۆکهۆڵم پایتەختی سوید.

سکرتێری گشتیی رێکخراوی هاریکاری ئیسلامی، ئیبراهیم تەها لە راگەیەندراوێکدا سەرکۆنەی ئەم کارە هه‌راسانكارییه‌ی کرد و ئاماژەی بەوە دا رێگەدان بەو کارە لەلایەن لایەنە پەیوەندیدارەکانی سویدەوە وێڕای ئەو ئەنجامە ترسناکانەی لێی دەکەوێتەوە، ئەوانی تووشی هیوابڕاوی کردووە.

لە راگەیەندراوەکەدا ئاماژە بەوە دراوە کە وەک ئەوەی لە راگەیەندراوی کۆتایی کۆبوونەوەی نائاسایی ئەنجوومەنی جێبەجێکاری رێکخراوەکەدا هاتووە کە لە 2ی تەمووز ئەنجام درا "ئەم جۆرە کارە هه‌راسانكارییه‌ پێچەوانەی مادەی 19 و 20ـی بەڵێننامەی مافە سیاسی و مەدەنییە نێودەوڵەتییەکانە و بە هیچ جۆرێک ناچێتە خانەی ئازادی رادەربڕینەوە".

داوا لە لایەنە پەیوەندیدارەکانی سویدیش کراوە "رێگە بە کەسان و گروپی گۆشه‌گیر نەدرێت بۆ دووبارەکردنەوەی ئەم جۆرە کارە هه‌راسانكارییه‌ مەترسیدارانە".

دوێنێ هاووڵاتیی بە رەچەڵەک عێراقی، سەلوان مۆمیکا کە پێشتر لە سوید ئاگری لە قورئانی پیرۆز بەردابوو، لە بەردەم باڵیۆزخانەی عێراق لە ستۆکهۆڵم قورئانی پیرۆز و ئاڵای عێراق خستە ژێرپێی خۆی و سووکایەتی پێکردن.