پەمەییپۆشەکان پێویستییان بە مێسییە کەچی لیۆ لە شەش یاریی یانەکەی ئامادە نابێت

لیۆنێل مێسی
لیۆنێل مێسی

مێسی بەهۆی هۆکارێکی نامۆوە ئامادە نییە لە شەش یاریگای یانەکانی خولی ئەمریکی یاریی بکات و یانەی ئینتەر مەیامی تووشی کێشە دەبێت.

رۆژنامەی دەیلی میرەری بەریتانی ئاشکرایکردووە، لیۆنێل مێسی ئامادە نییە لەسەر چیمەنی دەستکرد یاریی بکات، لەکاتێکدا شەش یانەی خولی ئەمریکی ناسراو بە MLS یاریگاکانیان چیمەنی دەستکردە، یانەکان بریتین لە نیو ئینگلاند ریڤۆڵوشن، پۆرتلاند تێمبەرز، سیاتل ساوندەرس، چارلۆت، ئاتڵانتا یونایتد، ڤانکوڤەر وای کاپس.

پێشتر هەریەکە لە زڵاتان ئیبراهیمۆڤیچ و دەیڤد بێکهام لە سەردەمی یاریکردنیان لە خولی ئەمریکی رەخنەیان لە چیمەنی دەستکردی یاریگاکانی بەشێک لە یانەکانی خولەکە گرتووە، سەرۆکی کۆمەڵەی خولی ئەمریکیش دوای پەیوەندیکردنی مێسی بە یانەی ئینتەر مەیامی ئەمریکی رایگەیاند، داوایان لە یانەکان کردووە چیمەنی یاریگاکانیان بگۆڕن بۆ ئەوەی لیۆ لە پێکان بە دوور بێت.

مێسی کە لە یەکەم یاریی بە درێسی ئینتەر مەیامی لە خولەکی 94 بە لێدانی راستەوخۆ گۆڵی کرد و دوای شەش یاریی یانە نوێیەکەی بە بردنەوە شاد کردەوە، یانەکەی لە دۆخێکی خراپدایە و ئەنجامەکانی بەگوێرەی پێویست نین و پەمەیی پۆشەکان پێویستیان بە مێسییە، جگە لە یاریکردن ئامادە نەبوونی لیۆ لە یارییەکە گورزێکی کوشندەی ئابووریش لە یانەکە دەدات.