هەواڵگری ئەمەریکا: رووسیا بەهاوکاری ئێران دامەزراوەیەکی دروستکردنی فڕۆکەی بێفڕۆکەوان دروستدەکات

K24- هەولێر

بەرپرسانی هەواڵگری ئەمەریکا هۆشدارییان داوە کە رووسیا بە هاوکاری ئێران دامەزراوەیەکی دروستکردنی فڕۆکەی بێفڕۆکەوان لەو وڵاتەدا دروست دەکات، لە ئەگەری تەواوبوونی کاریگەرییەکی بەرچاوی لەسەر شەڕی ئۆکرانیادا دەبێت.

بەگوێرەی راپۆرتێکی سی ئێن ئێن، شرۆڤەکارانی دەزگای هەواڵگری و بەرگری بە رۆژنامەنووسانیان راگەیاندووە، ئێستا دامەزراوەی دروستکردنی فڕۆکەی بێفڕۆکەوان لە رووسیا لە قۆناغی دروستکردندایە، پێشبینیش دەکرێت پشکێکی زیاتر بۆ رووسیا دابین بکات، لەوەی کە تا ئێستا توانیویەتی لە ئێران بکڕێت.

شرۆڤەکاران هۆشداریان داوە، کە کاتێک دامەزراوەکە تەواو دەبێت، کە پێدەچێت تا سەرەتای ساڵی داهاتوو رووبدات، دەتوانن کاریگەرییەکی بەرچاویان لەسەر ململانێکان هەبێت.

لە مانگی نیساندا، ئەمەریکا وێنەیەکی مانگی دەستکردی بڵاوکردەوە کە شوێنی کارگەی دروستکردنی فڕۆکەی بێفڕۆکەوان، لەناوچەی ئابووری تایبەتی ئەلابوگا لە رووسیایە، شرۆڤەکاران دەڵێن: ئێران بە بەردەوامی کەلوپەل دەگوازێتەوە بۆ رووسیا بۆ ئەوەی یارمەتی دروستکردنی ئەو دامەزراوەیە بدات.

ئاماژەیان بەوەشکردووە، تا ئێستا پێدەچێت ئێران زیاتر لە 400 فڕۆکەی بێفڕۆکەوانی "شاهد 131، و  شاهد 136 و موهاجەر بۆ رووسیا دابین کردبێت.

بەرپرسێکی هەواڵگری ئەمەریکا جەختی کردەوە، رووسیا بە پلەی یەکەم فڕۆکە بێفڕۆکەوانەکان بۆ هێرشکردنە سەر ژێرخانی گرنگی ئۆکرانیا و کەمکردنەوەی بەرگرییە ئاسمانییەکانی ئۆکرانیا بەکاردەهێنێت.