تونس: ئەمساڵ تەرمی 900 کۆچبەرمان لەکاناراوەکانی وڵات دۆزیوەتەوە

K24 - هەولێر

کەمال فەقی وەزیری ناوخۆی تونس رایگەیاند، هێزەکانی پاسەوانی کەناراوەکانی تونس لە نێوان 1ی یەنایەر تا 20ی تەمموزی ئەمساڵ، تەرمی 901 کۆچبەری خنکاوییان لە کەناراوەکانی وڵاتەکەیان دۆزیوەتەوە.

تونس لەمساڵدا رووبەڕووی شەپۆلێکی گەورەی کۆچبەران بووەتەوە، هاوکات کارەساتی نوقمبوونی بەلەمی کۆچبەرانی ئەفریقیا لەکاتی هەوڵدان بۆ گەیشتن بە کەناراوەکانی ئیتاڵیا بەردەوام دووبارە دەبێتەوە.

کەمال ئەوەشی گوت: ناتوانرێت کەمپ بۆ کۆچبەرانی نایاسایی لە تونس دابین بکرێت، چونکە ئەوە بە مانای نیشتەجێبوون دێت.

لە دانیشتنێکی پەرلەماندا ئاماژەی بەوەشکرد، کە هیچ بوارێک نامێنێت بۆ قبوڵکردنی سیاسەتی کەمپەکان، و پێدانی ناوچەیەکی سەقامگیر بۆ کۆچبەرانی نایاسایی.

وەزیرەکەی تونس دەڵێت: کۆچبەران دوو چارەسەریان هەیە، یان لە تونس بن، لە چوارچێوەی توانای گەلی تونس بۆ تێکەڵکردنیان، یان گەڕانەوە بۆ وڵاتەکانیان بە رێگەی یاسایی.