وەزیری کارەبا: کابینەی نۆیەم بەردەوام کاری بۆ باشترکردنی دۆخی کارەبا کردووە

کەمال محەممەد ساڵح، وەزیری کارەبای حکومەتی هەرێمی کوردستان
کەمال محەممەد ساڵح، وەزیری کارەبای حکومەتی هەرێمی کوردستان

K24 - هەولێر

وێستگەیەکی نوێی کارەبا بە گوژمەی زیاتر لە یەک ملیار دینار لە سنووری ئیدارەی سەربەخۆی سۆران کرایەوە و وەزیری کارەبای هەرێمی کوردستانیش دەڵێت، کابینەی نۆیەم هەر لە سەرەتای دەستبەکاربوونییەوە زۆر گرنگی بە پێشخستنی کەرتی کارەبا داوە.

بەیانی ئەمڕۆ پێنجشەممە (27ـی تەممووزی 2023)، لە ژێر چاودێری سەرۆکوەزیران مەسرور بارزانی، وێستگەی کارەبای (پردی حافز) لە سنووری ئیدارەی سەربەخۆی سۆران کرایەوە. پڕۆژەکە لەماوەی 270 رۆژدا و بە گوژمەی یەک ملیار و 375 ملیۆن دینار لەلایەن کۆمپانیای ئیدیومیەوە جێبەجێکراوە. 

لە رێوڕەسمەکەدا کەمال محەممەد ساڵح، وەزیری کارەبای حکومەتی هەرێمی کوردستان، هەڵگورد شێخ نەجیب، سەرپەرشتیاری ئیدارەی سەربەخۆی سۆران و ژمارەیەک بەرپرسی دیکەی حکومی بەشداربوون. وەزیری کارەبای هەرێمی کوردستان لە گوتارێکدا ئاماژەی بەوە دا، کابینەی نۆیەمی حکومەتی هەرێمی کوردستان هەر لە سەرەتای دەستبەکاربوونییەوە زۆر گرنگی بە پێشخستنی کەرتی کارەبا و دابینکردنی باشترین کارەبا بۆ هاووڵاتییان کردووە.

بەگوتەی وەزیری کارەبا، بە کردنەوەی ئەم وێستگەیە گرفتی ڤۆڵتیە و بارزۆری لەسەر تەواوی تۆڕی كارەبا و گۆڕەرەكانی پردی حافز چارەسەر دەبێت، كە بەهۆی گرفتەكانی ئۆڤەرلۆد و بارزۆرییەوە هاوڵاتیانی سنوورەكە نەیانتوانیوە سوود لەپشكی كارەبای خۆیان وەربگرن. 

وەکو ئەوەی کەمال محەممەد ساڵح لە بەشێکی قسەکانیدا ئاماژەی پێ دا، لەسەر بنەمای کابینەی نۆیەمی حکومەتی هەرێمی کوردستان پلانەکانیان لەسەر چوار سێکتەری سەرەکی دارشتوون و "لە بواری بەرهەمهێنانی کارەبادا، نزیکەی دوو هەزار و چوار سەد مێگاوات کارەبا وەکو گرێبەست لە ماوەی کابینەی نۆیەمدا واژووکراون و لەو ژمارەیە هەزار و 90 مێگاواتی کارەبا کەوتوونەتە کار. 500ـیان لە بازیان، 300 لە خەبات، 165 مێگاوات لە گەرمیان، 38 مێگاوات لە دێرەلووک و  87 مێگاواتیش لە سنووری پارێزگاکانی دهۆک، هەولێر و سلێمانی".

هەر لە ماوەی کابینەی نۆیەمی حکومەتی هەرێمی کوردستاندا وەکو ئەوەی وەزیری کارەبا باسی دەکات، "53 پڕۆژەی جۆراوجۆر بە گوژمەی 302 ملیۆن دۆلار لە بواری گوستنەوەی کارەبادا ئەنجامدراون و نزیکەی سەدا 95ـیان کەوتوونەتە خزمەتی هاووڵاتییان". لەبارەی دابەشکردنی کارەباشدا گوتی، لەماوەی چوار ساڵی رابردوودا زیاتر لە دوو هەزار و 262 پڕۆژە بە گوژمەی 162 ملیار دینار ئەنجامدراون و هەموویان کەوتوونەتە خزمەتی هاووڵاتییان.

وەزیری کارەبای هەرێمی کوردستان ئەوەشی خستەڕوو، لە ماوەی کابینەی نۆیەمدا پێوەری زیرەکی کارەبایان بە گوژمەی 250 ملیۆن دۆلار بە مەبەستی کۆنتڕۆڵکردنی کارەبا و رێگەگرتنی لە بەهەدەردانی کارەبا دابینکردووە و، وەکو خۆی دەڵێت، سەدا 95ـی کارەکانی ئەو پڕۆژەیە تەواوبوونە و سوودێکی زۆری بۆ هاووڵاتییان هەبووە.

وێستگەکانی کارە لە هەرێمی کوردستان ساڵانە زیاتر لە چوار هەزار و 300  مێگاوات کارەبا بەرهەمدەهێنن. لەو ژمارەیە 75%ـی لە رێگەی سووتەمەنییەوەیە. حکومەتی هەرێمی کوردستان بۆ ئەوەی لە وەرزی هاویندا کارەبای 24 کاتژمێری بۆ هاووڵاتییان دابین بکات، پێویستی بە زیاتر لە پێنج هەزار و 600 مێگاوات کارەبایە.

 

 

لای خۆیەوە هەڵگورد شێخ نەجیب، سەرپەرشتیاری ئیدارەی سەربەخۆی سۆران لە گوتارێکدا رایگەیاند، بە کردنەوەی ئەم وێستگەیە، کێشەی سەرتاسەری سۆران، کە کەمی ڤۆڵتییەیە چارەسەردەبێت و کێشەی سەرەکی هەردوو ناحیەی وەرتێ و قەسرێ چارەسەردەبێت و بارگرانی لەسەر قەزا و ناحیەکانی دیکەی سەر بە ئیدارەی سەربەخۆی سۆران کەمدەکاتەوە.

هەڵگورد شێخ نەجیب گوتی، هەر لە دەستپێکی هەبوونی ئیدارەی سەربەخۆی سۆران لە ماوەی دوو ساڵی رابردوودا "شۆڕشێکی ئاوەدانیمان دەستپێکرد بە جێبەجێکردنی پڕۆژەی جۆراوجۆر لە هەموو سێکتەر و بوارە جیاوازەکانی وەکو رێگاوبان، کارەبا و ئاو. بەڵام جەخت لەوە دەکەمەوە ئەم پڕۆژانە لە ئاست خواست و ویستی ئێمە و هاووڵاتییانماندا نین و دەمانەوێت پڕۆژەی باشتر جێبەجێ بکەین".

سەرپەرشتیاری ئیدارەی سەربەخۆی سۆران ئاماژەی بەوەش دا، "ئەوەی جێگەی دڵخۆشی خەڵکی سۆرانە، بە پاڵپشتیی راستەوخۆی مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان هەموو ئەو پڕۆژانەی بەهۆی هاتنی داعش و قەیرانی داراییەوە لە ساڵی 2014ـەوە لە سنووری سۆران وەستابوون و کارەکانیان تەواونەکرابوون، لە ماوەی دوو ساڵی رابردوودا تەواوکران".