پێشانگەیەکی هونەری لە کەنەدا بۆ ناساندنی کولتوورو سروشتی کوردستان کرایەوە

K24 – کەنەدا:

شێوەکاری کەرکووکی مەحموود سیامەنسوری، لە شاری ئۆتاوا، پێتەختی وڵاتی کەنەدا، پیشانگەیەکی شێوەکاری کردەوە کە بە گەرمی لە لایەن کەنەدییەکان و رەوەندی کوردستانی شارەکەوە پێشوازی لێکرا.

پێشانگەکە پتر ئەو وێنەو دیمەنانەی لەخۆ گرتبوو کە پیشاندەری جوانی و فرە رەنگی کولتوورو سروشتی رازاوەی کوردستان بوون.

مەحموود سیامەنسوری، هونەرمەندی شێوەکار، سەبارەت بە کرانەوەی ئەو پێشانگەیە بە کوردستان24ی راگەیاند: ''هەر لە منداڵیەوە خولیاو ئاواتی هونەریم هەبووە و بە کرانەوەی ئەم پێشانگەیە ویستم کولتووری دەوڵەمەندی کوردستان و هەروەها جوانی و رازاوەیی سروشتی رەنگینی کوردستان پتر بە خەڵکی بیانی بناسێنم''.

ئەو هونەرمەندە هەروەها ئاواتی ئەوەی خواست کە دەرفەتی ئەوەی بۆ بڕەخسێ و هەلومەرج رێگا بدات هەرچی زووە بگەڕێتەوە کوردستان و لە شارەکەی خۆی لە کەرکووک وەکوو جاری جاران ژیان بەسەر بەرێت.

مەحموود سیامانسوری لە ساڵی 1965 لە شاری کەرکووک لە دایکبووە، ساڵی 1973 بەشداری لە پێشانگای قوتابخانە سەرەتاییەکانی شاری کەرکووک کردووە، لەساڵی 1987 یەکەم پێشانگای تایبەتی لە کەرکوک کردووەتەوە، مەحموود لە ساڵی 1991 لە باکوری کوردستان نیشتەجێ بووە و لەگەڵ کۆمەڵێک هونەرمەند و شاعیر پێشانگایەکی کردۆتەوە، هەروەها لە ساڵی 1993وە لە کەنەدا نیشتەجێ بووە، ناوبراو لەساڵی 1995 هاوکار بوو لە سازدانی بۆنەیەکی هونەری کوردی و لە ساڵی 2019 پەرتووکێکی بە زاراوەی سۆرانی بۆ منداڵان نووسیوە تاکوو منداڵانی کورد فێری خوێندن و نوویسنی زمانی کوردی بن.

ە
س
و