گۆتێرێس: زەوی قۆناغی گەرمبوونی تێپەڕاندووە و ئێستا لە قۆناغی کوڵاندایە

K24 – هەولێر:

سکرتێری گشتی نەتەوەیەکگرتووەکان دەڵێت، زەوی قۆناغی گەرمبوونی تێپەڕاندووە و ئێستا لە قۆناغی کوڵاندایە.

ئەنتۆنیۆ گۆتێرێس ئاماژەی بەوەشدا، تەمموزی ئەمساڵ گەرمترین مانگ بووە لە مێژووی مرۆڤایەتیدا و سەرکردەکانی جیهان پێویستە بە زووترین کات هەڵوێستیان هەبێت.

گۆتێرێس هه‌روه‌ها گوتی: "مرۆڤایەتی لە دۆخێکی سەختدایە، رێکخراوی کەشناسی جیهانی و خزمەتگوزاری کۆپەرنیکۆس بۆ گۆڕانی کەشوهەوا سەر بە کۆمسیۆنی ئەوروپا، پشتڕاستییان کردەوە تەمموزی 2023 گەرمترین مانگە لە مێژووی مرۆڤایەتیدا کە تۆمار کرابێت، هەروەها پلەکانی گەرمای زەریاکان لەم کاتانەی ساڵدا گەیشتووەتە بەرزترین ئاست، زیانەکانیش ئاشکرا و کارەساتبارن".

گوتیشی: "لە ئەمه‌ریکای باکوور، ئاسیا، ئەفریقا و ئەوروپا ئه‌مساڵ هاوینێکی سەختە، سەردەمی گەرمبوونی زەوی کۆتایی هاتووە و سەردەمی کوڵانی زەوی دەستی پێکردووە، سەرکردەکان بەبێ گومان و بەهانە دەبێت سەرکردایەتی بکەن، ئێستاش دەتوانین بەرزبوونەوەی پلەکانی گەرما لە 1.5 پلەی سلیزی سنووردار بکەین، وڵاتانی کۆمەڵەی 20 لە ٪80ـی گازە دەردراوەکان بەرپرسیارن، دەبێت کاری زیاتر بۆ دادپەروەری کەشوهەوا بکەن."