پارتی و یەکێتی گفتوگۆ لەبارەی هەڵبژاردن دەکەن

K24 – هەولێر

بڕیارە ئەمڕۆ یەکشەممە 30/7/2023، هەردوو مەکتەبی سیاسی پارتی دیموکراتی کوردستان و یەکێتی نیشتمانی کوردستان لە سلێمانی کۆببنەوە.

بەگوێرەی زانیارییەکانی پەیامنێری کوردستان24، کۆبوونەوەی ئەمڕۆی پارتی و یەکێتی لە دەباشان بەڕێوەدەچێت و تەوەری سەرەکی کۆبوونەوەکە ئەنجامدانی هەڵبژاردنی خولی شەشەمی پەرلەمانی کوردستان دەبێت، کە سەرۆکایەتی هەرێمی کوردستان لەوبارەیەوە سەرقاڵی گفتوگۆیە لەگەڵ لایەنە سیاسییەکان.

پێشتر کوردستان24 ئاشکرای کردبوو، کە 25ی شوباتی 2024، پێشنیازکراوە بۆ ئەنجامدانی هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان.

پرسێکی دیکەی کۆبوونەوەی نێوان مەکتەبی سیاسی پارتی و یەکێتی تاوتوێکردنی هەڵبژاردنی ئەنجومەنی پارێزگاکانی عێراق دەبێت، کە رۆژی 18ى کانوونى یەکەمى 2023 ئەنجام دەدرێت.

لە چەند رۆژی رابردوودا، مەکتەبی سیاسی یەکێتی برووسکەیەکی بۆ مەکتەبی سیاسی  پارتی ناردووە و تێیدا داوای کۆبوونەوەی کردووە.

سەرچاوەیەک لە مەکتەبی سیاسی پارتی دیموکراتی کوردستان لەوبارەیەوە بە کوردستان24ـی راگەیاند، پارتی وەڵامی برووسکەکەی یەکێتی داوەتەوە و ئامادەیی خۆی دەربڕیوە بۆ کۆبوونەوە.

ئەم کۆبوونەوەیە دەبێتە سێیەم کۆبوونەوەی هەردوولا لە دوای پەسندکردنی پرۆژە یاسای بودجەی گشتی عێراق.