فەرمانگەی میدیا و زانیاری بۆ رووبەڕووبوونەوەی هەواڵی ناراست و چەواشەکارانە پرۆژەی سەکۆ رادەگەیەنێت

جوتیار عادل، سەرۆکی فەرمانگەی میدیا و زانیاری
جوتیار عادل، سەرۆکی فەرمانگەی میدیا و زانیاری

K24 - هەولێر:

لە رێوەڕەسمی راگەیاندنی پرۆژەی سەکۆ بۆ رووبەڕووبوونەوەی زانیاری ناڕاست و چەواشەکارانە، جوتیار عادل، سەرۆکی فەرمانگەی میدیا و زانیاری حکومەتی هەرێمی کوردستان گوتی: ئامانجی پرۆژەکە پێدانی زانیاری راست و باوەڕپێکراوە بە خەڵک و هەوڵدانە بۆ رووبەڕووبوونەوەی زانیاری ناڕاست و چەواشەکاری.

فەرمانگەی میدیا و زانیاری بۆ رووبەڕووبوونەوەی هەواڵی ناراست و چەواشەکارانە پرۆژەی سەکۆ رادەگەیەنێت و سەرۆکی فەرمانگەی میدیا و زانیاری سەبارەت بە پرۆژەکە دەڵێت، یەکەم ئامانجی پرۆژەکە، بەرەنگاربوونەوەی هەواڵ و زانیاری و بەڵگەنامەی چەواشەکارانەیە کە بەمەبەست یان بێ مەبەست لە کەناڵە جۆراوجۆرەکانی راگەیاندنەوە بڵاودەکرێنەوە.

ئاماژەی بەوەشدا، دووەم ئامانجی پرۆژەکە، بەرەنگاربوونەوەی پروپاگەندەی هەواڵی ناڕاست و گێرەشێوێنە، بە نیشاندانی راستییەکان.

زیادکردنی هۆشیاری بەدواداچوون و گرنگیدان بە لێکۆڵینەوە لە هەواڵ زانیارییەکان کە بڵاودەکرێنەوە، یەکێکی دیکەیە لە ئامانجەکانی پرۆژەی سەکۆ.

جوتیار عادل رایگەیاند، فەرمانگەی میدیا و زانیاری بە هەموو شێوەیەک هاوکاری دەزگاکانی راگەیاندن دەکات بۆ دڵنیابوون لەو زانیارییانەی کە بەناوی حکومەتی هەرێمەوە بڵاودەکرێنەوە.

گوتیشی: کابینەی نۆیەم هەوڵی راستەقینە دەدات، بۆئەوەی راستییەکان وەک خۆی بەبێ چەواشەکاری بگاتە هاووڵاتییان و رای گشتی و دەزگاکانی راگەیاندن.

سەرۆکی فەرمانگەی میدیا و زانیاری ئەوەشی خستەڕوو، یەکێکی دیکە لە ئامانجەکانی پرۆژەکە، نەهێشتنی بەکارهێنانی زانیاری و هەواڵی نادروستە.

هەر سەبارەت بە پرۆژەی سەکۆ، جوتیار عادل روونیکردەوە، کە لەپێناو جیاکردنەوەی هەواڵی راست و هەواڵی نادروست پرۆژەی سەکۆیان راگەیاندووە و ئومێدەوارن، پرۆژەکە بۆ کاری رۆژنامەوانی و دەزگاکانی راگەیاندن و هاووڵاتییان سوودبەخش بێت.

فەرمانگەی میدیا و زانیاری سەبارەت بە پرۆژەکە لە راگەیەندراوێکدا باسی لەوەکرد، کابینەى نۆیەمی حکومەتی هەرێمی کوردستان، بە تێگەیشتنی قووڵ بۆ ئەو هەوڵانەى هەواڵی ناڕاست و پڕوپاگەندە بەرامبەر حکومەتی هەرێم بڵاودەکەنەوە و دەیانەوێت لە رێگەى کۆمەڵێک شێواندن و پەخشکردنی ناڕاستییەوە، بۆشایی بخەنە نێوان هاووڵاتییان و حکومەت، دەیەوێت لە رێگەى پرۆژەى راگەیاندنی جیاجیاوە، بەرگری لەو هەوڵانە بکات و دروستترین زانیاری و هەواڵەکانی پەیوەست بە حکومەت و ژیانی گشتی، بگەیەنێتە هاووڵاتییەکانی، ئەمەش لە پێناو روونیی زیاتر و پێشاندانی وێنەى راستەقینەى حکومەت.