سەدا 85ـی کارەکانی کونسوڵخانەی نوێی ئەمەریکا لە هەولێر تەواوبوون

دیزاینی پڕۆژەی کونسوڵخانەی نوێی ئەمەریکا لە هەولێر | وێنە: EYP of Albany
دیزاینی پڕۆژەی کونسوڵخانەی نوێی ئەمەریکا لە هەولێر | وێنە: EYP of Albany

K24 - هەولێر

بەگوێرەی دوایین ئەو راپۆرتەی لەبارەی کارەکانی کونسوڵخانەی نوێی ئەمەریکا لە هەولێر ئاراستەی کۆنگرێس کراوە، سەدا 85ـی کارەکانی کونسوڵخانەکە تەواوبوونە و پێشبینیش دەکرێت لە مانگی تەممووزی ساڵی داهاتوو کارەکانی کونسوڵخانەکە بە یەکجارەکی تەواوببن.

بەگوێرەی دوایین راپۆرتی پشکنەری گشتیی وەزارەتی بەرگریی ئەمەریکا، کە رۆژی پێنجشەممەی رابردوو (3ـی تەممووزی 2023) پێشکەشی کۆنگرێسی کردووە، سەدا 85ـی کارەکانی کۆنسوڵخانەی نوێی ئەمەریکا لە شاری هەولێر تەواوبوون و پێشبینیش دەکرێت، رۆژی 8ـی تەممووزی 2024، ئەو گرێبەستەی بۆ دروستکردنی کونسوڵخانەکە کراوە، تەواوببێت.

لە بەشێکی دیکەی راپۆرتەکەی پشکنەرەکەی وەزارەتی بەرگریی ئەمەریکا کە ماوەی (1ـی ئایاری 2023 تا 30ـی حوزەیرانی 2023) لەخۆ دەگرێت، ئاماژە بەوە کراوە، ماوەی سەرەتایی تەواوبوونی گرێبەستەکە رۆژی 11ـی ئایاری 2022 بوو.

ئەمە لە کاتێکدایە پێشتر رۆبەرت پالادینۆ، کونسوڵی گشتیی بە وەکالەتی پێشووی ئەمەریکا لە هەولێر، پێشبینی کردبوو، کونسوڵخانە نوێیەکەی ئەمەریکا لە کۆتاییەکانی ساڵی 2022 تەواوببێت.

پشکنەرەکەی وەزارەتی بەرگریی ئەمەریکا هۆکاری دواکەوتنی تەواونەبوونی کارەکانی پڕۆژەکەی بۆ "سەرهەڵدانی پەتای کۆرۆنا لە ساڵی 2019، داخستنی پڕۆژەکانی پەیوەست بە ئاسایش، گۆڕانی شێوازی کارکردن و ئاسایشی دیپلۆماسی و تەکنینی" گەڕاندووەتەوە.

پێشبینیدەکرێت تا کۆتایی مانگی کانوونی دووەمی ئەمساڵ، گوژمەی تەرخانکراو بۆ پڕۆژەکە بگاتە 796.1 میلیۆن دۆلار و لە بەشێکی دیکەی راپۆرتەکەدا هاتووە، چاوەڕێدەکرێت ژمارەیەک گۆڕانکاری دیکەش لە کارەکاندا بکرێن، لەوانەش چاککردنەوەی ژمارەیەک کەرەستە و پێداویستیی باڵەخانەکە، کە داوی سەردانەکەی پشکنەرەکەی وەزارەتی بەرگریی دۆزراونەتەوە.

مانگی یەکی ئەمساڵ، ئیرڤین هیکس، کونسوڵی گشتی ئەمەریکا لە هەولێر بە رۆژنامەنووسانی راگەیاند، بینا نوێیەکەی کونسوڵخانەی ئەمەریکا لە هەولێر بە بڕی 800 ملیۆن دۆلار تەواودەکرێت و پەیامێکی ڕوونە کە "ئەمەریکا بۆ هێچ شوێنێک ناڕوات".

ڕۆژی 6ی تەمووزی 2018 بەردی بناغەی کۆنسوڵخانەی نوێی ئەمەریکا لە شاری هەولێر دانرا. کونسوڵخانە نوێیەکە لە گۆمەڵگایەک پێک دێت لەسەر ڕووبەری 206 هەزار مەتر دووجا، دەکەوێتە سەر ڕێگای پیرمام لە نزیک شەقامی 150 مەتری شاری هەولێر.

کونسوڵخانە نوێیەکە لەلایەن کۆمپانیای EYP ئەمەریکییەوە کاری بونیاتنانی بۆ دەکرێت و نزیکەی هەزار کەس بەشێوازی جیاواز کاری تێدا دەکەن. نوێترین سیستەمی زیرەکی تێدا بنیاتنراوە بۆ پاڵاوتنی ئاوی ئاوەڕۆ و بەکارهێنانەوەی و کەڵکوەرگرتن لە وزەی خۆر و وزەی پاک بۆ بەرهەمهێنانی کارەبا و ژێر ژەمینی سکویریتی و پاراستنی لە هێرشی ئاسمانی و مووشەکی تێدایە. هاوکات سیستەمی بەرگریی ئاسمانی بۆ بەرپەرچدانەوەی هێرشی درۆنی و موشەکی تێدا جێگیردەکرێت.

کونسوڵخانەکە لەکۆمەڵێک باڵەخانە و ئۆفیس، ڕووبەرێکی زۆری سەوزایی پێکدێت و پارکینگی تێدایە. لە ڕووی ڕووبەر و تێچوونەوە، دەبێتە گەورەترین کونسوڵخانەی ئەمەریکا لەسەر ئاستی جیهان. عێراق دوو ڕیکۆردی دیبلۆماسی ئەمەریکی تێدا تۆمار دەکرێت بەوەی گەورەترین باڵوێزخانەی ئەمەریکا لە بەغدایە بەڕووبەری 440 هەزار مەتر و گەورەترین باڵوێزخانەی جیهانە، هەروەها گەورەترین کونسوڵخانەش لە هەولێرە.