سبەی تاقیکردنەوە گشتییەکانی خولی دووەمی پۆلی 12ـی ئامادەیی دەستپێدەکەن

ژمارەیەک قوتابی پۆلی 12ـی ئامادەیی لە کاتی ئەنجامدانی تاقیکردنەوە
ژمارەیەک قوتابی پۆلی 12ـی ئامادەیی لە کاتی ئەنجامدانی تاقیکردنەوە

K24 - هەولێر

سبەی تاقیکردنەوە گشتییەکانی خولی دووەمی پۆلی 12ـی ئامادەیی دەستپێدەکەن و گوتەبێژی وەزارەتی پەروەردەش دەڵێت، هێڵی ئەنتەرنێت دەبڕدرێت و هەموو ئامادەکارییەک بۆ بەڕێوەچوونی تاقیکردنەوەکان بە باشترین شێوە کراوە.

سبەی یەکشەممە 6ـی ئابی 2023، تاقیکردنەوە گشتییەکانی خولی دووەمی پۆلی 12ـی ئامادەیی لە هەر سێ بەشی زانستی، وێژەیی و پیشەیی دەستپێدەکەن. بەگوێرەی خشتەی تاقیکردنەوەکان کە ئەمڕۆ شەممە وەزارەتی پەروەردە بڵاویرکردووەتەوە؛ قوتابیانی بەشی زانستی تاقیکردنەوەی وانەی زیندەزانی و قوتابیانی بەشی وێژەییش تاقیکردنەوەی وانەی مێژوویان هەیە.

لەبارەی تاقیکردنەوەی قوتابیانی بەشی پیشەیی، کە ژمارەیەک لق بەخۆوە دەگرێت و وانەی تاقیکردنەوەی هەر لقێک جیاوازە؛ بەگوێرەی هەمان ئەو خشتەیەی وەزارەتی پەروەردە بڵاویکردووەتەوە؛ قوتابیانی لقی پیشەسازی، تاقیکردنەوەی زانستە پیشەسازییەکان؛ لقی بازرگانی، تاقیکردنەوەی بەڕیوەبردنی تاکەکان و کۆگاکان؛ لقی بەرهەمهێنانی ڕووەکی، تاقیکردنەوەی بەڕێوەبردنی چاندنگە و ژمێریاری تێچوونە کشتوکاڵییەکان؛ لقی بەرهەمهێانی ئاژەڵی، تاقیکردنەوەی پاراستن و بەڕێوەبردنی کێڵگەکان؛ لقی بەیتاڵی (ڤێتیرنەری) تاقیکردنەوەی نەخۆشییە درسییەکان و هابەشەکان؛ لقی گەشتوگوزار، تاقیکردنەوەی نووسینگەی پێشەوە و قوتابیانی لقی نەخۆشیاریش، تاقیکردنەوەی نەخۆشییەکانی هەناو و زامیان هەیە.

 

 

لەبارەی ژمارەی ئەو قوتابیانەی بەشداری لە تاقیکردنەوەکانی سبەی یەکشەممە دەکەن؛ ئالان حەمە سەعید، وەزیری پەروەردەی حکومەتی هەرێمی کوردستان بە کوردستان24ـی راگەیاند، "ناتوانین هیچ ژمارەیەکی پشتڕاستکراوە بڵێین، چونکە ژمارەی ئەو قوتابیانەی بەشداری لە تاقیکردنەوەکاندا دەکەن، لە وانەیەک بۆ وانەیەکی دیکە دەگۆڕدرێت؛ بۆ نموونە مەرج نییە، هەمان ئەو قوتابیانە بەشداری لە تاقیکردنەوەی وانەی زیندەزانی بکەن، بەشداری لە تاقیکردنەوەی وانەی کوردیش بکەن".

لەلایەن خۆیەوە، د. سامان سیوەیلی، گوتەبێژی وەزارەتی پەروەردە بە کوردستان24ـی گوت، هەموو رێکار و رێوشوێنێکی پێویست بۆ بەڕێوەچوونی تاقیکردنەوەکان بە باشترین شێوە گیراوەتەبەر و هەموو پێداویستییەکانی وەکو پێنووس، ژمێریار، ژێبەر و کاغەز بۆ قوتابیان دابینکراون و پێویست ناکات قوتابی بێجگە لە باجەکەی هیچی دیکە لەگەڵ خۆی بباتە نێو هۆڵی تاقیکردنەوە. 

لەبارەی ئەوەی "ئایا سبەی هێڵی ئەنتەرنێت لە تەواوی هەرێمی کوردستان دەبڕدرێت یان نا؟" گوتەبێژی وەزارەتی پەروەردە ئاماژەی بەوە دا، "هەڵبەتە هێڵی ئەنتەرنێت بۆ رێگریکردن لە ئەنجامدانی گزی، لە کاتی بەڕێوەچوونی تاقیکردنەوەکان، لە بەیانی سبەی یەکشەممەوە و لە رۆژانی تاقیکردنەوەکان، بۆ ماوەی چەند کاتژمێرێک دەبڕدرێت".

هاوکات هەردی مەعروف، بەڕێوەبەری گشتیی ئەزموونەکان لە وەزارەتی پەروەردە بە کوردستان24ـی راگەیاند، هەزار و 551 هۆڵ بۆ بەڕێوەچوونی تاقیکردنەوە گشتییەکانی خولی دووەمی هەر سێ بەشی پۆلی 12ـی ئامادەیی ئامادەکراون و بۆ هەر هۆڵێکیش شەش چاودێر و سەرپەرشتیارێک دابینکراون. ئەوەشی خستەڕوو، ئەنجامی تاقیکردنەوەکانی خولی دووەم لە ماوەی کەمتر لە 10 رۆژ، لە دوای تەواوبوونی تاقیکردنەوەکان لەلایەن وەزارەتی پەروەردەوە رادەگەیەندرێن.

ئەمە لە کاتێکدایە رۆژی شەممە 3ـی حوزەیرانی 2023، تاقیکردنەوە گشتییەکانی پۆلی 12ـی ئامادەیی لە هەرسێ بەشی زانستی، وێژەیی و پیشەیی دەستیانپێکرد و تا رۆژی رۆژی پێنجشەممە 27ـی حوزەیرانی 2023 بەردەوام بوون. 117 هەزار و 364 قوتابی بەشداریان لە تاقیکردنەوەکاندا کرد؛ 75 هەزار و 239 قوتابی بەشی زانستی، 39 هەزار و 113 قوتابی بەشی وێژەیی و سێ هەزار و 12 قوتابی بەشی پیشەیی.

ئێوارەی رۆژی دووشەممە 3ـی تەمموزی 2023، وەزارەتی پەروەردەی حکومەتی هەرێمی کوردستان ئەنجامی خولی یەکەمی تاقیکردنەوە گشتییەکانی پۆلی 12ـی ئامادەیی بە گشت بەشەکانییەوە راگەیاند و مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان، لە رێگەی کورتەنامەوە، مژدەی سەرکەوتنی دایە قوتابییە یەکەمەکانی تاقیکردنەوەی وزاریی ئەمساڵی خوێندنی (2022-2023).