وادەی سەردانی شاندی پارتی بۆ بەغدا گۆڕا

لۆگۆی پارتی دیموكراتی كوردستان
لۆگۆی پارتی دیموكراتی كوردستان

K24 – هەولێر:

بەپێی زانیارییەکانی پەیامنێری کوردستان24، سەردانی شاندی پارتی بۆ بەغدا گۆڕا بۆ رۆژی دووشەمە، کە پێشتر وابڵاوکرابووەوە سبەی یەکشەممە سەردانی بەغدا دەکات.

پەیامنێری کوردستان24 رایگەیاند، بەیانی رۆژی دووشەممە (7ـی ئابی 2023)، شاندی پارتی سەردانی بەغدا دەکات و لەگەڵ لایەنە سیاسییەکان کۆدەبێتەوە.

شاندەکە بە سەرۆکایەتی فازڵ میرانی، بەرپرسی دەستەی کارگێڕی مەکتەبی سیاسی پارتی و ئەندامیەتی هۆشیار زێباری، فواد حوسێن و ژمارەیەک ئەندامی دیکەی مەکتەبی سیاسی پارتی پێکدێن.

ئامانجی سەردانەکەی شاندی پارتی بۆ بەغدا گەیاندنی نیگەرانییەکانی ئەو حزبەیە لە بەرپرسانی بەغدا بەتایبەت لایەنەکانی چوارچێوەی هەماهەنگی، کە پارتی پێیوایە لایەنە سیاسییەکانی ناو هاوپەیمانییەتەکە وەکو پێویست پابەندنەبوون بە رێککەوتنی پێکهێنانی حکومەت و بەندەکانی ناو یاسای بودجە.

ئەمەش لە کاتێکدایە رۆژی چوارشەممە (2ـی ئابی 2023)، محەممەد شیاع سوودانی، سەرۆکوەزیرانی عێراق لەگەڵ ژمارەیەک سەرکردەی سیاسی، وەزیرانی دەرەوە، نەوت، پیشەسازی و راوێژکاری وەزیری سامانە سرووشتییەکان لە حکومەتی هەرێمی کوردستان و ژمارەیەک راوێژکار و پسپۆڕی تەکنیکی و یاسایی؛ بۆ تاوتوێکردنی پرسی رەشنووسی یاسای نەوت و گاز کۆبووەوە و لە کۆبوونەوەکەدا سوودانی داوای پێکهێنانی لیژنەیەکی وەزاری کرد بۆ سەرپەرشتیکردنی گفتوگۆ تەکنیکییەکانی نێوان وەزارەتی نەوتی فیدراڵی و وەزارەتی سامانە سرووشتییەکانی حکومەتی هەرێمی کوردستان.

پێشتریش لەلایەن خۆیەوە، پێشەوا هەورامانی، گوتەبێژی حکومەتی هەرێمی کوردستان سەبارەت بە ناردنی شایستە داراییەکانی هەرێمی کوردستان لەلایەن حکومەتی فیدراڵییەوە رایگەیاند، ئه‌و بڕە پارەیەی له‌لایه‌ن وه‌زاره‌تی دارایی عێراقه‌وه‌ بۆ هه‌رێمی كوردستان ره‌وانه‌ كرا، "نه‌ك شایسته‌ داراییەكانی هه‌رێمی كوردستان ته‌نانه‌ت مووچه‌ی ته‌واوه‌تی مووچه‌خۆرانی هه‌رێمی كوردستانیش نه‌بوو".

هەروەها رۆژی پێنجشەممە (3ـی ئابی 2023)، وەزارەتی دارایی و ئابووریی حکومەتی هەرێمی کوردستان لە راگەیەندراوێکدا ئاشکرای کرد، بڕی 598 ملیار دینار لە لقی هەولێری بانکی ناوەندیی عێراق رادەستی وەزارەتی دارایی هەرێم کرا و رەوانەی بانکەکان کرا بەمەبەستی دابەشکردنی مووچە و هەمان رۆژیش دابەشکردنی مووچە لە وەزارەتی تەندروستی دەستیپێکرد و خشتەی دابەشکردنی مووچەی سەرجەم وەزارەتەکان راگەیەندرا.