سلێمانی.. یادی 10 ساڵەی کۆچی دوایی "شێرکۆ بێکەس" کرایەوە
K24 – سلێمانی:
لە شاری سلێمانی یادی 10 ساڵەی کۆچی دوایی "شێرکۆ بێکەس"ی شاعیر کرایەوە، بەم بۆنەیەوە رێکخراوی شار لەژێر ناونیشانی "مانەوە لە لوتکەی شیعر و هەڵوێستدا" مەراسیمێکی سازدا.
خەندە وەردی، بەرپرسی راگەیاندنی رێکخراوی شار، بە کوردستان24ـی راگەیاند، شێرکۆ بێکەس ناوێکی گەورەیە لە ئەدەبی کوردیدا، وشە و هۆنراوەکانی لە تەواوی ئەدەبیاتی کوردیدا رەنگی داوەتەوە، ئەوانیش وەک رێکخراوی شار ئەمە یەکەم ساڵە ئەم یادە دەکەنەوە.
شێرکۆ بێکەس، کوڕی شاعیری ناوداری کورد فایەق بێکەسە، لە ساڵی 1940 لەدایکبووە و یەکێکە لە ناودارترین شاعێرەکانی کورد
شێرکۆ بێکەس لە حەفتاکانی سەدەی رابردوو لەگەڵ چەند نووسەرێکی دیکە، رەوتی روانگەیان دامەزراند، هەروەها لەدوای راپەڕینی 1991 دەزگایەکی گەورەی چاپ و بڵاوکردنەوەی بەناوی (دەزگای چاپ و پەخشی سەردەم) دامەزراند.
ئەو زیاتر لە 30 دیوان و کتێبی شیعریی هەیە، لەوانە (دەربەندی پەپولە، ئێستا کچێك نیشتمانمە، رەنگدان، گۆڕستانی چراکان).
بەشێك لە شیعرەکانی شێرکۆ بێکەس وەگێڕدراونەتە سەر زمانەکانی ئینگلیزی، سویدی، عەرەبی، فەرەنسی، ئیتاڵی، تورکی، فارسی و ئەڵمانی.
شێركۆ بێكەس، لە کابینەی یەکەمی حكومەتی هەرێمی كوردستان پۆستی وەزیری رۆشنبیری پێدرا.
لە 17/4/2013 بەهۆی نەخۆشکەوتنی، لە شاری سلێمانییەوە گەیەندرایە وڵاتی سوید، دوای سێ مانگ مانەوە لە نەخۆشخانە لە 4ـی ئابی 2013 دوور لە زێدی خۆی، لە ستۆکهۆڵمی پایتەختی سوید کۆچی دوایی کرد.