قائیمقامی چەمچەماڵ: بە زووترین کات بەرهەمهێنانی غاز لە کێڵگەی کۆرمۆر ئاسایی دەبێتەوە

ڕەمەك ڕەمەزان، قائیمقامی چەمچەماڵ
ڕەمەك ڕەمەزان، قائیمقامی چەمچەماڵ

K24 - هەولێر

قائیمقامی چەمچەماڵ ڕایدەگەیەنێت، "بە زووترین کات" بەرهەمهێنانی غاز لە کێڵگەی کۆرمۆر ئاسایی دەبێتەوە. دەشڵێت، نەیارانی کورد هەمیشە لەو شوێنانە دەدەن کە ڕاستەوخۆ پەیوەندییان بە ژیانی هاووڵاتییانەوە هەیە. 

ئێوارەی ڕۆژی هەیینی، 26-04-2024، بە درۆن هێرش کرایە سەر کێڵگەی غازی کۆرمۆر لە سنووری قەزای چەمچەماڵ. لە ئاکامی هێرشەکەدا، چوار کرێکاری یەمەنی کوژران و دووانی دیکەش بریندار بوون. هەر بەو هۆیەوە، 2500 مێگاوات کارەبا کەمبووتەوە و ئێستا هەزار و 260 مێگاوات کارەبا بەردەستە بۆ دابەش کردن.

ئەمڕۆ شەممە، 27-04-2024، ڕەمەك ڕەمەزان، قائیمقامی چەمچەماڵ بە کوردستان24ـی ڕاگەیاند، "بە زووترین کات بەرهەمهێنانی غاز لە کێڵگەی کۆرمۆر ئاسایی دەبێتەوە، چونکە ستافی کارکردن لە كێڵگەکە و لایەنە پەیوەندیدارەکان لە حکوومەتی هەرێمی کوردستان بەردەوامن لە هەوڵەکانیان بۆ دووبارە ئاساییکردنەوەی کارکردن لە کێڵگەکە".

بە گوتەی قائیمقامی چەمچەماڵ، "ئەمڕۆ شاندێکی هاوبەشی هەردوو وەزارەتی کارەبا و سامانە سروشتییەکانی حکوومەتی هەرێمی کوردستان سەردانی کێڵگەی گازی کۆرمۆر دەکات. ئاگاداریش کراوینەتەوە، شاندێکی حکوومەتی عێراقیش سەردانی شوێنی رووداوەکە دەکات".

لەبارەی دۆخی بریندارانی هێرشە درۆنییەکە، ڕەمەك ڕەمەزان ئاماژەی بەوە کرد، "دۆخی تەندروستیی برینداران زۆر باشە و مەترسی لەسەر ژیانیان نەماوە".  گوتیشی، ئێستا ئامادەکاریی دەکرێت بۆ ئەوەی تەرمی شەهیدەکان بنێردرێتەوە وڵاتەکەی خۆیان (یەمەن).

قائیمقامی چەمچەماڵ لە بەشێکی دیکەی قسەکانیدا ئەوەی خستەڕوو، "بەداخەوە نەیارانی کورد هەمیشە ئەو شوێنانە دەکەنە ئامانج کە ڕاستەوخۆ پەیوەندییان بە ژیانی هاووڵاتییانەوە هەیە". وەکو خۆی دەڵێت، "بەپێی یاسا، دەستوور و پرەنسیپە نێودەوڵەتییەکان، پـاراستنی شکۆی عێراق بە هەموو شێوەیەک لە ئەستۆی حکوومەتی عێراقە. داوا دەکەین ئەو لیجنەی بۆ لێکۆڵینەوە لە هێرشەکە پێک هێندراوە، ڕاستییەکان ئاشکرا بکات".

کێڵگەی غازی کۆرمۆر دەکەوێتە سنووری ناحیەی قادرکەرەم لە پارێزگای سلێمانی. لە ساڵی 2003وە لەژێر کۆنترۆڵی حکوومەتی هەرێمدایە. لە ئۆکتۆبەری 2008ـەوە دەست کراوە بە بەرهەمهێنانی غاز تیایدا، بەرهەمی ڕۆژانەی 450 ملیۆن پێ سێجایە و بڕیارە تا کۆتایی ئەمساڵ ئەو بڕە بۆ 500 ملیۆن پێ سێجا بەرز ببێتەوە.

کێڵگەی کۆرمۆر دابینکەری لە سەدا 67ی کارەبای هەرێمی کوردستان واتە بە تێکڕا سێ هەزار و 700 مێگاوات کارەبا بەرهەم دەهێنێت، بەرهەمی غازەکەی لە ڕێگەی لوولەوە ڕەوانەی وێستگەی کارەبای هەولێر و چەمچەماڵ دەکرێت. یەدەگی ئەو غازە سرووشتییەی لە کۆرمۆردا هەیە بە یەک ترلیۆن و 800  ملیار پێ سێجا دەخەمڵێندرێت.

جگە لە غازی سروشتی بەرهەمی گازی شل یاخود ئێڵ پی جی نزیکەی هەزار تۆنی ڕۆژانەیە، 22 هەزار بەرمیل نەوتی کۆندێنسەیتی ڕۆژانە لێ بەرهەم دەهێنرێت کە لە ماوەکانی پێشوودا ئەم بڕە بۆ بەرزکردنەوەی کوالێتییەکەی تێکەڵی نەوتی هەرێمی کوردستان دەکرا.

 بەپێی گرێبەستێک کە لە مانگی چواری 2007 لەگەڵ حکوومەتی هەرێمی کوردستان مۆر کردووە، کۆرمۆر لەلایەن هەردوو کۆمپانیای دانەغاز و گیسنت پترۆلیۆمەوە سەرپەرشتی دەکرێت.

بەهۆی گرنگییە ئابوورییەکەی بۆ هەرێمی کوردستان ناو بەناو ئەم کێڵگەیە لەلایەن میلیشیا لە یاسا دەرچووەکانەوە دەکرێتە ئامانج، گەورەترین هێرشەکانیش لە 22 حوزەیران، 12ی تشرینی یەکەمی  2022، 26ی کانوونی دووەمی ئەمساڵ و 25ی نیسانی ئەمساڵ بوون.