لە دژی چاکسازیی دادوەریی هەزاران ئیسرائیلی لە تەلئەبیب خۆپیشاندانیان ئەنجامدا

خۆپیشاندەرانی ئیسرائیلی
خۆپیشاندەرانی ئیسرائیلی

K24 – هەولێر

هەزاران هاووڵاتی ئیسرائیلی رۆژی شەممە لە تەلئەبیب و شارەکانی دیکە لە دژی پلانی چاکسازیی دادوەریی حکومەتی ڕاستڕەو خۆپیشاندانیان ئەنجامدا، کە نەیارانی بە هەڕەشە بۆ سەر دیموکراسی دەزانن.

ئەو خۆپیشاندەرانەی لە تەلئەبیب کۆبوونەوە و هەندێکیان ئاڵای ئیسرائیلیان هەڵکرد بوو "دیموکراسی دیموکراسی"یان دەوتەوە.

خۆپیشاندەران نزیکەی 30 هەفتەیە بەردەوامن لە خۆپیشاندان و فشارخستنە سەر حکومەتەکەی بنیامین ناتانیاهۆ، تا وەکو پرۆژە یاسایی چاکسازی دادوەری جێبەجێ نەکرێت.

ئەو چاکسازییەی کە حکومەتەکەی ناتانیاهۆ بەنیازە بیکات دەسەڵاتی زیاتر بە سیاسەتمەداران دەبەخشێت بەسەر دەسەڵاتی دادوەریدا، ئەمەش بە هەنگاوێکی پێویست بۆ دەستەبەرکردنی هاوسەنگییەکی باشتری هێزەکان دەزانێت. بەمەش ترسیان هەیە کە ئەو چاکسازییە رێگە بۆ وەرچەرخانێکی تاکڕەوانە خۆش بکات.

پەرلەمان مانگی رابردوو یەکەم بڕگەی پاکێجی چاکسازی پەسەند کرد، کە چاودێری دادوەری بۆ هەندێک بڕیارەکانی حکومەت سنووردار دەکات.

ناتانیاهۆ کە بە تۆمەتی گەندەڵی دادگایی دەکرێت رایگەیاند، سەرەڕای شکستی هەوڵەکانی پێشووی نێوەندگیری، ئامادەیە دانوستان لەگەڵ ئۆپۆزسیۆن بکات.

لە ئێستادا رێڕەوی یاسادانان راگیراوە و بە گەڕانەوەی پەرلەمان لە پشووی هاوینەی لە مانگی تشرینی یەکەمدا دەستپێدەکاتەوە.

وەزیری پێشووی دارایی ئیسرائیل، حکومەتەکەی بنیامین ناتانیاهۆی تۆمەتبار کرد بە ئەنجامدانی گەورەترین دزی لە مێژووی ئیسرائیلدا، ئەمەش دوای ئەوەی بڕیاریدا 164 ملیۆن شیکل کە دەکاتە نزیکەی 44 ملیۆن دۆلار، لە بودجەی وەزارەتەکان ببڕێت لە بەرژەوەندی دامەزراوەکانی سەر بە بزووتنەوەی ئاینی یەهودییە توندڕەوەکان.