لیبەرمان: حکومەتی ناتانیاهۆ گەورەترین دزی لەمێژووی ئیسرائیلدا کردووە
K24 - هەولێر
وەزیری پێشووی دارایی ئیسرائیل، حکومەتەکەی بنیامین ناتانیاهۆی تۆمەتبار کرد بە ئەنجامدانی گەورەترین دزی لە مێژووی ئیسرائیلدا، ئەمەش دوای ئەوەی بڕیاریدا 164 ملیۆن شیکل کە دەکاتە نزیکەی 44 ملیۆن دۆلار، لە بودجەی وەزارەتەکان ببڕێت لە بەرژەوەندی دامەزراوەکانی سەر بە بزووتنەوەی ئاینی یەهودییە توندڕەوەکان.
ئەڤیگدۆر لیبەرمان، وەزیری پێشووی دارایی ئیسرائیل بە رۆژنامەی یەدیعوت ئەحرەنوتی راگەیاند، ئەم لێبڕینانە بەهۆی کەمبوونەوەی ئەنجامی ئابووری ئیسرائیل و بەرزی تێچوونی ژیان و هەڵئاوسان دێت.
لیبەرمان کە سەرکردایەتی پارتی ئۆپۆزسیۆنی ئیسرائیل بێتنا دەکات گوتیشی: ناتانیاهۆ "لە ئاهەنگێکی هاوسەرگیریی کاسۆلیکیدا هاوسەرگیری لەگەڵ پارتی جولەکەی شاس و تەورات کردووە و ئامادە نییە تەڵاقیان بدات"، ئەمەش ئاماژەی بە هاوپەیمانێتی حکومەت کرد کە پارتی راستڕەو و ئایینی تێدایە.
لیبەرمان رەخنەی لە سیستەمی پەروەردەی بزووتنەوەی ئاینییە یەهوودییە توندڕەوەکان گرت و گوتی: ئەمە "نەک تەنها نەزانی بەردەوام دەکات بەڵکو دابەشبوون لەنێو خەڵکی ئیسرائیلدا بەردەوام دەکات" و حکومەت کۆمەکی دروستکردنی زۆرینەیەکی دژە سەهیۆنی دەکات".
هیچ لێدوانێکی دەستبەجێ لەلایەن حکومەتی ناتانیاهۆوە لەسەر رەخنەکانی لیبەرمان نەبوو.
نزیکەی 30 هەفتەیە ئیسرائیلیەکان دژی پرۆژە یاسای چاکسازی دادوەری خۆپیشاندان دەکەن و دەڵێن: ئەم پڕۆژە یاساییە لەنابەری دیموکراسییە.