محەممەد خورشید: خوازیار بووین کورد لە کەرکووک بە دوو لیستی بەهێز بەشداری لە هەڵبژاردن بکات

محەممەد خورشید
محەممەد خورشید

K24 - هەولێر:

محەممەد خورشید، یاریدەدەری بەرپرسی مەکتەبی رێکخستنی کەرکووک – گەرمیانی پارتی دیموکراتی کوردستان رایگەیاند: ئێمە خوازیار بووین کورد لە کەرکووک بە دوو لیستی بەهێز بەشداری لە هەڵبژاردنی ئەنجومەنی پارێزگاکان بکات.

ئەو بەرپرسەی پارتی لە کەرکووک بە کوردستان24ـی راگەیاند، لایەنە عەرەب و تورکمانەکان بە چەند لیستێك بەشدار دەبن، گوتیشی: بۆ لیستە کوردییەکانیش پێشبینی بەشداریکردنی سێ بۆ چوار لیستی کوردی دەکەن.

ئاماژەی بەوەشدا، ئەوان وەک پارتی لەگەڵ چەند لایەنێکی سیاسی هاوپەیمانێتیمان پێکهێناوە، گوتیشی: گرفتێکی تەکنیکی هەیە کە پێشبینی دەکەن ئەمڕۆ بتوانن ئەوەش چارەسەر بکەن.

سەبارەت بەو لایەنانەی پارتی لەگەڵیاندا بۆ هەڵبژاردنی ئەنجوومەنی پارێزگاکان هاوپەیمانێتی پێکدەهێنێت، محەممەد خورشید گوتی: ئێمە لایەنە ئیسلامییەکان، لایەنە نەتەوەییەکان و لایەنە ئیسلامییەکانمان لەگەڵدایە. ئاماژەی بەوەشدا، لەگەڵ لایەنی سیاسی نەتەوەی دیکەش رێککەوتوون.

سەبارەت رێكکەوتن لەگەڵ یەکێتی نیشتیمانی کوردستان بۆ هەڵبژاردنی ئەنجوومەنی پارێزگاکان، ناوبراو دەڵێت: ئێمە لەم قۆناغەدا ناتوانین لەگەڵ لایەنێک هاوپەیمان بین کە بەرپرس بوون لە خیانەتی 16ـی ئۆکتۆبەر، پارتی لەم قۆناغەدا پێی باش نەبووە لەگەڵ یەکێتی لەسەر یەک لیست بێت.

بە گوتەی محەممەد خورشید، خەڵکی عێراق گەشبین نیین بەم هەڵبژاردنە و هەموو لایەنەکان پێیان وایە، وادەی هەڵبژاردنەکە دوادەخرێت وەک هەموو هەڵبژاردنەکانی دیکە کە لە عێراق کراون، گوتیشی: ئێمە هەموو ئامادەکارییەکمان کردووە و چاودێری دۆخەکە دەکەین.

یاریدەدەری بەرپرسی مەکتەبی رێکخستنی کەرکووک – گەرمیانی پارتی دیموکراتی کوردستان راشیگەیاند: خوازیار بووین کورد لە کەرکووک بە دوو لیستی بەهێز بەشداری بکات، بەڵام بەداخەوە هەندێک لایەنی سیاسی ئەوەیان نەویست.