شەپۆلێکی دیکەی گەرما روو لە هەرێمی کوردستان دەکات

K24 – هەولێر

بەگوێرەی پێشبینییەکانی کەشناسی شەپۆلێکی گەرما روو لە کوردستان دەکات و لە هەندێک ناوچە بەرزترین پلەی گەرما دەگاتە سەرووی 50 پلەی سیلیزی.

بەپێی راپۆرتی بەشی پێشبینییەکان لە بەڕێوەبەرایەتی کەشناسی و بومەلەرزەزانی هەرێمی کوردستان، شەپۆڵێکى گەرما روو لە ناوچەکەمان دەکات، سبەى رۆژى دووشەممە کاریگەرى ئەم شەپۆلە دەستپێدەکات تاوەکو هەفتەى داهاتوو ئەو بارستە هەوایە گەرمە لەسەر ناوچەکەمان دەمێنێتەوە، ئەم بەرزبوونەوەیە لە پلەکانى گەرما رۆژى پێنج شەم دەگاتە ئەوپەڕى بەهێزى  خۆى، پێشبینى بەرزترین پلەکانى گەرما لە سەنتەرى پارێزگاى هەولێر 47 پلەى سیلیزى، سلێمانى 45 پلەى سیلیزى دهۆک 46 پلەى سیلیزى کەرکووک  50  پلەى سیلیزى و هەڵەبجە 47 پلەى سیلیزى، ئیدارەى گەرمیان نزیک دەبێتەوە لە 51 پلەى سیلیزى ئیدارەى راپەڕین 45 پلەى سیلیزى.

سەبارەت بە پلەی گەرما لە ناوچە شاخاوییەکان کەشناسی رایگەیاندووە، لە ناوچە شاخاوییەکان پلەی گەرما لە سەرووى 42 پلەى سیلیزى دەبێت ناوچە شاخاوییە سنوورییەکان لە سەرووى 34 پلەى سیلیزى دەبێت.

کەشناسی راشیگەیاندووە، ئەم شەپۆلى گەرمایە ماوەى  مانەوەى بۆ چەند رۆژێک درێژدەبێتەوە، بۆیە جیاوازە لە شەپۆلەکانى تر ئەمەش وا دەکات هەرێمى کوردستان و ناوچەکە لە ژێر شەپۆلێکى گەرماى چەند رۆژە بێت.