دژەتیرۆری کوردستان زانیاری لەبارەی بۆردومانەکەی ئاغجەلەر بڵاودەکاتەوە
K24 – هەولێر
بەگوێرەی زانیارییەکانی دژەتیرۆری کوردستان، ئەمڕۆ سوپای تورکیا لە رێگەی فڕۆکەی بێفڕۆکەوان ئۆتۆمبێلێکی چەکدارانی پەکەکەی لە ئاغجەلەر کردووەتە ئامانج، بەهۆیەوە بەرپرسێکی پەکەکە کوژراوە و چەکدارێکی دیکەش بریندار بووە.
دژەتیرۆری کوردستان لە راگەیەندراوێکدا لەبارەی بۆردومانەکەی ئەمڕۆی ئاغجەلەر رایگەیاند: "ئەمڕۆ یەکشەممە 6ی ئابی 2023، کاتژمێر 9:30، فڕۆکەی بێفڕۆکەوانی سوپای تورکیا ئۆتۆمبێلێکی چەکدارانی پەکەکەی لە نزیک ناحیەی ئاغجەلەری سەر بە قەزای چەمچەماڵ کردە ئامانج، بەهۆیەوە بەرپرسێکی سەربازیی پەکەکە کوژراو و چەکدارێکیش بریندار بوو".
پێشتر کوردستان24 لە زاری سەرچاوەیەکی ئاگادار بڵاویکردبووەوە کە چەند فڕۆکەیەکی نەناسراو شاخی چنارتوو-یان لە سنووری ئاغجەلەر بۆردومان کردووە، هەرچەندە بەڕێوەبەری ناحیەی ئاغجەلەر گوتی "نازانین بۆردومان بووە، بەڵام ئاگر لە شاخەکە کەوتووەتەوە و تیمەکانی بەرگری شارستانی و پۆلیسی دارستان ئاگرەکەیان کۆنترۆڵکردووە".
لەم چەند ساڵەی دواییدا سوپای تورکیا چەندین بەرپرسی پەکەکەی لە رێگەی فڕۆکەی بێفڕۆکەوان لە ناوچە سنوورییەکانی هەرێمی کوردستان کردونەتە ئامانج.