جێبەجێ نەکردنی رێککەوتنی هەولێر و بەغدا کاردانەوەی لێدەکەوێتەوە

چاودێرێک: بەغدا دەیەوێت ئەوەی بە دەستمان هێناوە لێمان زەوت بکات

K24 - سلێمانی

سەرەڕای بوونی رێککەوتن لەنێوان هەولێر و بەغدا و پەسەندکردنی یاسای بودجەی گشت عێراق، حکومەتی فیدراڵی لە بڕی پشکی کوردستان تەنها 598 ملیار دیناری نارد کە کەمترە لە نیوەی پشکی راستەقینەی کوردستان بەپێی یاسای بودجە، چاودێران دەڵێن: ئەوەی عێراق دەیکات فشارە و ئەو کارانە ئامانجێکی شاراوەیان هەیە.

خدر محەممەد، مووچەخۆری خانەنیشینە بە کوردستان24ی گوت: "زۆربەی خەڵکەکە دڵی خۆش بوو، گوتیان داهات رادەستی بەغدا کراوە و مووچە لەکاتی خۆی دێت، بەڵام بەغدا نایەوێت هەرگیز ئێمە وەکو کورد سەرکەوتوو بین، زیاتر قوتمان دەبڕێت".

ئەو خانەنشینە دەشڵێت: "بە‌غدا بەردەوام کێشەمان بۆ دروست دەکات، بۆ ئەوەی خەڵک لە حزبەکانی کوردستان توڕە بێت، لەبەر ئەوەش مووچە نانێرێت".

دوای ناردنی بڕی 598 ملیار دینار لەلایەن عێراقەوە بۆ مووچەی مانگی 6 ی مووچەخۆرانی ھەرێمی كوردستان، بەشێک لە چاودێران دەڵێن: عێراق ئەم بابەتەی کردووەتە کارتێکی سیاسی و فشارێک  و دەیانەوێت خەڵکی هەرێمی کوردستان برسی بکەن. چاودێرێک دەڵێ: عێراق دەیەوێت بەھۆی كارتی برسیكردن خەڵكی ھەرێمی كوردستان بۆ خۆی بەدەست بێنێت، لە رابردووشدا هۆکاری جیاوازی بەکاردەهێنا.

هیوا ڕەش، چاودێری سیاسی بە کوردستان24ی راگەیاند: "ئەوەی لە چەندین ساڵی رابردوو بە دەستمان هێناوە، لە بەغدا دەیانەوێت ئەوەشمان لێ زەوت بکەن، نەک نەوت و داهاتی ناوخۆ هەموو داهاتەکانیان رادەست بکەین، تا قەوارەیەک هەبێت بەناوی هەرێمی کوردستان ئەوان دژایەتی دەکەن و دەیانەوێت نەمێنێت".

ئەو فشارە سیاسییەی عێراق بەرامبەر بە ھەرێمی كوردستان دەیكات، بە وردی و دیاریکراوی دواکارییەکانی دیارنییە و هەر جارەو بیانوویەکە، لە 12/6/2023، ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق بە زۆرینەی دەنگی پەرلەمانتاران، پڕۆژە یاسای بودجەی پەسند کرد، بەڵام تائێستا نەچووەتە بواری جێبەجێکردنەوە، بڕیارە لە چەند رۆژی داهاتوو رێنمایی بۆ جێبەجێکردنی دەربکرێت.