ئەندامێکی لیژنەی دارایی: حکومەتی عێراق تەواوی پشکی هەرێمی کوردستان دەنێرێت

دیناری عێراقی
دیناری عێراقی

K24 - هەولێر

ئەندامێکی لیژنەی دارایی پەرلەمانی عێراق رایدەگەیەنێت، حکومەتی عێراق بۆ جاری یەکەم، بە گوێرەی یاسای بودجە گشتیی فیدراڵی تەواوی پشکی هەرێمی کوردستان رەوانە دەکات، کە زیاترە لە تریلیۆنێک دینار. ئاماژە بەوەش دەدات، هیچ بیانوویەک بۆ نەناردنی پشکی هەرێمی کوردستان نەماوە.

ئەمڕۆ یەکشەممە 13ـی ئابی 2023، د. نەرمین مەعرووف، ئەندامی لیژنەی دارایی پەرلەمانی عێراق بە کوردستان24ـی راگەیاند، ئەم مانگە و بۆ جاری یەکەم حکومەتی فیدراڵی تەواوی پشکی هەرێمی کوردستان، کە لەیاسای بودجەی گشتیدا جێگیرکراوە و نزیکەی تریلیۆنێک و 250 ملیار دینارە، دەنێرێت و جەختی لەوە کردەوە، "هیچ بیانوویەک بۆ نەناردنی نەماوە".

لەبارەی وادەی ناردنی پشکی هەرێمی کوردستان لەلایەن حکومەتی فیدراڵییەوە، ئەو ئەندامەی لیژنەی دارایی پەرلەمانی عێراق ئاماژەی بەوە دا، "بە گوێرەی یاسای بودجە، پێویستە حکومەتی فیدراڵی لەگەڵ خەرجکردنی لیستی مووچەی فەرمانبەر و مووچەخۆرانی عێراق لە نێوان 18 بۆ 25ـی ئەم مانگە، پشکی هەرێمی کوردستانیش خەرج بکات".

نەرمین مەعرووف ئەوەشی خستەڕوو، بە گوێرەی رێنماییەکانی جێبەجێکردنی یاسای بودجەی گشتیی عێراق، کە رۆژی 7ـی ئەم مانگە لە رۆژنامەی وەقائیعی عێراقی بڵاوکراونەتەوە، پێویستە یاساکە لە رۆژی 1ـی 1ـی ئەمساڵەوە بچێتە واری جێبەجێکردنەوە و حکومەتی هەرێمی کوردستانیش پابەندی تەواوی بڕگە و ماددەکانی یاساکە بووە.

یاسای بودجەى گشتیی عێراق بۆ ساڵانی دارایی 2023، 2024 و 2025، رۆژی دووشەممە 12ـی حوزەیران 2023، لەلایەن پەرلەمانی عێراقەوە پەسەند کرا و لە رۆژی 26ـی هەمان مانگ لە رۆژنامەى وەقائیعی عێراقى بڵاوکرایەوە. بودجەی گشتیی عێراق بۆ هەر ساڵێک 198.9 تریلیۆن دینارە و پشکى هەرێمى کوردستان تێیدا 16 تریلیۆن و 250 ملیار دینارە. بەگوێرەى یاساکە، پێویستە هەرێمى کوردستان رۆژانە 400 هەزار بەرمیل نەوت رادەستى وەزارەتى نەوتى حکومەتى فیدراڵیى بکات و حکومەتی ئەو وڵاتە، نەوتەکە بۆ هەناردەکردن یان ناوخۆ بەکاردەهێنێت.

فوئاد حوسێن: هیچ مەترسییەک لەسەر بودجە و مووچەی هەرێمی کوردستان نییە

دوێنێ شەممە 12ـی ئابی 2023، فوئاد حوسێن، وەزیری دەرەوە و جێگری سەرۆکوەزیرانی عێراق بە کوردستان24ـی راگەیاند، "هیچ مەترسییەک لەسەر بودجە و مووچەی هەرێمی کوردستان نییە، بە یاسا ئەم بابەتە رێکخراوە کە یاسای بودجەیە".

بە گوتەی جێگری سەرۆکوەزیرانی عێراق، لە ماوەی دوو رۆژی داهاتوودا شاندێکی حکومەتی هەرێمی کوردستان بە مەبەستی تاوتوێکردنی رێکارەکانی جێبەجێکردنی یاسای بودجەی گشتیی عێراق سەردانی بەغدا دەکات و ژمارەیەک دیدار و کۆبوونەوە لەگەڵ بەرپرسانی حکومەتی عێراق ئەنجامدەدەن.

فوئاد حوسێن لە بەشێکی دیکەی قسەکانیدا لەبارەی ناردنی پشکی هەرێمی کوردستان ئاماژەی بەوە کرد، هەردوو شاندی حکومەتی عێراق و هەرێمی کوردستان لەبارەی "پرسی داهاتی نانەوتی گفتوگۆ دەکەن بۆ ئەوەی  کارە تەکنیکییەکان تەواو بکەن و پشکی هەرێمی کوردستان لە ئاییندەیەکی نزیکدا رەوانە بکرێت".

سەردانی لیژنەیەکی باڵای چاودێری دارایی حکومەتی عێراق بۆ هەرێمی کوردستان

لە ماوەی چەند رۆژی رابردوودا لیژنەیەکی باڵای چاودێری دارایی حکومەتی عێراق، بە مەبەستی وردبینی لە داهات و داتا و ژمارەکانی دامودەزگاکانی حکومەتی هەرێمی کوردستان سەردانی هەرێمی کوردستانی کرد. رۆژی سێشه‌ممه‌ 8ـی ئابی 2023، لەگەڵ ئاوات جەناب نووری، وەزیری دارایی و ئابووری کۆبووەوە. دواتر سەردانی وەزارەتی سامانە سرووشتییەکانیان کرد و بۆ ماوەی سێ رۆژ لەوێ  بوون.

لەوبارەوە د. خەزال عەبدوڵڵا، بەڕێوەبەری گشتیی کاروباری ئابووری و گرێبەستەکان لە وەزارەتی سامانە سرووشتییەکان، بە کوردستان24ی راگەیاند: "لەسەر راسپاردەی ئەنجومەنی وەزیران، لیژنەیەکی هاوبەش لە دیوانی چاودێری دارایی هەرێمی کوردستان و دیوانی چاودێری دارایی عێراق، ماوەی سێ رۆژە هاتوونەتە وەزارەتی سامانە سرووشتییەکان، بۆ ئەوەی وردبینی لە داهات و ژمارەکان بکەن، کە ئێمە لەنێو پێداچوونەوە بە بودجە نووسیومانە". گوتیشی: "وەزارەتی سامانە سرووشتییەکان پێداچوونەوەی بودجەی شەش مانگی 2023ی ئاراستەی وەزارەتی دارایی و ئابووری حکومەتی هەرێمی کوردستان کردووە".

ناردنی دوایین بڕە پارە لەلایەن حکومەتی فیدراڵییەوە و دابەشکردنی مووچە

رۆژی پێنجشەممە 3ـی ئابى 2023 ، وەزارەتى دارایی عێراق بڕى 598 ملیار دینارى وەک بەشێک لە پشکى بودجەى هەرێمى کوردستان بۆ مانگى تەممووز، بە مەبەستی دابەشکردنی فەرمانبەر و مووچەخۆرانی هەرێمی کوردستان نارد. لەوبارەوە، پێشەوا هەورامانی، گوتەبێژی حکومەتی هەرێمی کوردستان رایگەیاند: ئێمە بۆ دابینکردنی مووچە پێویستمان بە 912 ملیار دینارە کە لە عێراقەوە بێت، بەڵام نەک شایستەی دارایی نەنێردرا تەنانەت پارەی پێویستی مووچەش نەنێردرا و تەنیا 598 ملیار واژۆی لەسەر کراوە کە بنێردرێت بۆ مووچەخۆرانی هەرێمی کوردستان.

هاوکات هونەر جەمال، گوتەبێژی وەزارەتی دارایی بە کوردستان24ـی راگەیاند، "حکومەتی هەرێمی کوردستان مانگانە پێویستی بە زیاتر لە 940 ملیار دینارە تەنها بۆ مووچە، ئەوە جگە لە خەرجی بەکاردبردن و دام و دەزگاکان و بودجەی وەبەرهێنان و تێچووی بەرهەمهێنانی کارەبا. حکومەتی عێراقی فیدراڵ و وەزارەتی دارایی عێراق بە هیچ جۆرێک پابەند نەبوون بە رێککەوتنی نێوان هەرێم و بەغداد و جێبەجێکردنی یاسای بودجەی عێراق".  

هەمان رۆژ وەزارەتی دارایی لیستی دابەشکردنی مووچەی بەشێک لە وەزارەتەکانی بڵاوکردەوە، کە رۆژی شەممە (5ـی ئابی 2023) دیوانی وەزارەتی پێشمەرگە و لیواکان مووچەکەیان وەرگرت و بە گوێرەی لیستەکە پڕۆسەی دابەشکردنی مووچەی مووچەخۆران، تا پێنجشەممەی داهاتوو 15ـی ئابی 2023 بەردەوام دەبێت.