فوئاد حوسێن بۆ کوردستان24: هیچ مەترسییەک لەسەر بودجە و مووچەی هەرێمی کوردستان نییە

فواد حوسێن، وەزیری دەرەوە و جێگری سەرۆکوەزیرانی عێراق
فواد حوسێن، وەزیری دەرەوە و جێگری سەرۆکوەزیرانی عێراق

K24 – هەولێر:

وەزیری دەرەوە و جێگری سەرۆکوەزیرانی عێراق، بە کوردستان24 رایگەیاند، بڕیاروایە لە دوو رۆژی داهاتوودا، شاندی حکومەتی هەرێمی کوردستان سەردانی بەغدا بکات و لەسەر جێبەجێکردنی یاسای بودجە لەگەڵ بەرپرسانی عێراق کۆدەبنەوە.

ئەمڕۆ شەممە (12ـی ئابی 2023)، فواد حوسێن، وەزیری دەرەوە و جێگری سەرۆکوەزیرانی عێراق، لە هەڤپەیڤینێکدا بە نەورەس عەبدوڵڵا، پەیامنێری کوردستان24ـی راگەیاند، بڕیاروایە لە دوو رۆژی داهاتوودا شاندی حکومەتی هەرێمی کوردستان سەردانی بەغدا بکات، لەسەر جێبەجێکردنی یاسای بودجە لەگەڵ بەرپرسانی عێراق کۆدەبنەوە.

جێگری سەرۆکوەزیرانی عێراق، ئاماژەی بەوەشکرد، هەردوو شاندی حکومەتی عێراق و هەرێمی کوردستان لەسەر پرسی داهاتی نانەوتی گفتوگۆ دەکەن بۆ ئەوەی  کارە تەکنیکییەکان تەواو بکەن و پشکی هەرێمی کوردستان لە ئاییندەیەکی نزیکدا رەوانە بکرێت.

فواد حوسێن، گوتیشی: هیچ مەترسییەک لەسەر بودجە و مووچەی هەرێمی کوردستان نییە، بە یاسا ئەم بابەتە رێکخراوە کە یاسای بوودجەیە.

ئێوارەی سێشەممە (8ـی ئابی 2023)، پشتیوان سادق، ئه‌ندامی شاندی پارتی دیموكراتی كوردستان له‌ به‌غدا، بە کوردستان24ـی راگەیاند، حکومەتی هەرێم و پارتی پێیانوایە رێککەوتنی هەولێر و بەغدا وەک خۆی بەتەواوی جێبەجێ نەکراوە، هاوکات مافە دەستورییەکانی خەڵکی هەرێمی کوردستان بە بەردەوامی پیشێل دەکرێت، هەروەها ئەو رێککەوتنانەنی کە دەچێتە پەرلەمان وەک خۆی جێبەجێ ناکرێت، لە کاتی جێبەجێکردنیشی لە حکومەتی عێراقدا وەک خۆی جێبەجێ ناکرێت.

هاوکات راشیگەیاند، پێویستە یاسا ستراتیژییەکان بەڕێککەوتن دەربچێت و پێویستە ئەو کێشانەی کە هەنە لەنێوان هەولێر و بەغدا بە گفتوگۆ چارەسەر بکرێت.

ئاماژەی بەوەدا، "هەست دەکەین عێراق بەرەو ناواندی بوون هەنگاو دەنێت، ئەمەش لە زیانی هەموو خەڵکی عێراقە و لە  زیانی پرۆسەی دیموکراسییە.

ئەو ئەندامی شاندی پارتی، دەڵێت: "بەڵێنمان وەرگرتووە ناردنی شایستە داراییەکان هەموو مانگێک بۆ هەرێمی کوردستان جێبەجێ بکرێت".

هەر لەو بارەی کۆبوونەوەییان لەگەڵ شاندی پارتی دیموکراتی کوردستان، نووری مالیکی، سەرۆکی هاوپەیمانی دەوڵەتی یاسای لە کۆنفرانسێکی رۆژنامەوانی لەگەڵ فازڵ میرانی، سەرۆکی دەستەی کارگێری مەکتەبی سیاسیی پارتی دیموکراتی کوردستان رایگەیاند، کۆبوونەوەیەکی گرنگمان ئەنجامدا و گوێمان لە سکاڵا و سەرنجەکانی شاندەکە گرت.

سەرۆکی هاوپەیمانی دەوڵەتی یاسا جەختی لەسەر ئەوەشکردەوە، رێز لە سكاڵا و داواکارییەکانی شاندی پارتی دەگرن و کار بۆ چارەسەرکردنی گرفت و کەموکوڕییەکان دەکەن.

هەروەها، نووسینگەی راگەیاندنی محەممەد شیاع سوودانی، سەرۆکوەزیرانی عێراق، لەبارەی کۆبوونەوەی لەگەڵ شاندی پارتی دیموکراتی کوردستان، راگەیاندراوێکی بڵاوکردەوە کە تێیدا هاتووە، "پێشوازیمان لە شاندی پارتی دیموکراتی کوردستان کرد، لە میانەی دیدارەکەدا باسمان لە بارودۆخی گشتی وڵات کرد، هەروەها جەختمان لە گرنگی پاڵپشتیکردنی حکومەت  لە جێبەجێکردنی بەرنامە و سیاسەتە گشتیەکانی لە پێشخستنی واقیعی ئابووری و خزمەتگوزاری وڵات، هاوکات دابینکردنی پێداویستییەکانی هاووڵاتیان بۆ خزمەتگوزارییەکان و باشترکردنی بارودۆخەکانیان کردەوە".

لەراگەیاندراوەکەدا ئاماژەی بەوەشکراوە، لە کۆبوونەوەکەدا باسی هەڵبژاردنی پەرلەمانی هەرێمی کوردستان کرا، جەخت لە ئەنجامدانی کرایەوە، هەروەها پێویستی دروستکردنی زەمینەیەکی لەبار بۆ هەڵبژاردنی دادپەروەرانە و بێلایەن کە ببێتە هۆی بەرزکردنەوەی سەقامگیری سیاسی و ئەمنی لە ناوچەکە و بەدیهێنانی خواستی هاووڵاتییان.

ئەمەش لە کاتێکدایە، کە رۆژی سێشەممە (8ـی ئابی 2023)، نەورەس عەبدوڵڵا، نێردراوی کوردستان24 بۆ بەغدا، رایگەیاند، شاندی مەکتەبی سیاسی پارتی دیموکراتی کوردستان بە سەرۆکایەتی فازڵ میرانی، به‌رپرسی ده‌سته‌ی كارگێڕی مه‌كته‌بی سیاسی پارتی، لەگەڵ محەممەد شیاع سوودانی، سەرۆکوەزیرانی عێراق لە کۆدەبێتەوە، دوای ئەو کۆبوونەوەیە لەگەڵ نووری مالیکی، سەرۆکی هاوپەیمانی دەوڵەتی یاسا، کۆدەبێتەوە، تەوەری سەرەکی کۆبوونەوەکان باسکردنی پرسی شایستەداراییەکانی هەرێمی کوردستانە، بەوپێیەی هەرێمی کوردستان لە ئێستادا هەموو پابەندییەکانی خۆی بەرامبەر بەغدا جێبەجێکردوە لە پرسی نەوت و داهاتە نانەوتییەکان.

هاوکات راشیگەیاند، هەروەها شاندی پارتی ئەمڕۆ لەگەڵ خەمیس خەنجەر، سەرۆکی هاوپەیامنی سیادە کۆبوونەوە، کە خەنجەریش نیگەرانی خۆی دەربڕیەوە بەوەی رێککەوتنەکان وەک خۆی جێبەجێ ناکرێت، هاوکات دەڵێت: دەبێت ئەو رێککەوتنانەی لەنیوان حکومەتی هەرێم و بەغدا کراوە وەکو خۆی جێبەجێ  بکرێت، هەروەها کەمێک پیش ئێستاش شاندی مەکتەبی سیاسی پارتی دیموکراتی کوردستان لەگەڵ عادل عەبدولمەهدی، سەرۆکوەزیرانی پیشووتری عێراق کۆبوونەوەکەیان کۆتایی هات.

نێردراوی کوردستان24، ئاماژەی بەوەشدا، شاندی مەکتەبی سیاسی پارتی دیموکراتی کوردستان جگە لەوەی لەگەڵ سەرکردەکانی چوارچێوەی هەماهەنگی و سەرکردەکانی ئیدارەی دەوڵەت کۆبوونەوە، مەبەستێتی بە جیاش لەگەڵ هەر یەکە لە سەرکردەکان کۆببێتەوە و پەیامی سەرۆک بارزانییان پێ رابگەینن.

نەورەس عەبدوڵڵا، گوتی: شاندی پارتی داوایکردوە سەرکردەکانی چوارچێوەی هەماهەنگی لەگەڵ فراکسیۆنەکانیان لە پەرلەمانی بەغدا یەک هەڵوێست بن، ئەو رێککەوتنانەی کە لە نێوان هەولێر و بەغدا دەکرێن لەناو فراکسیۆنەکانی عێراق کێشەیان بۆ دروست نەکرێت و هەماهەنگ بن.

گوتیشی: شاندی پارتی دیموکراتی کوردستان هەروەها داواکاریشن پرسە ئاڵۆزەکان بە هەماهەنگی پێکەوە تێپەڕێنن لەگەڵ لایەنە سیاسییەکانی ناو پەرلەمان، هاوکات دەشڵێن: دەبێت مافە دەستورییەکانی هەرێمی کوردستان لەبەر جاو بگیرێت و نابێت تاکلایەنانە بڕیار بدرێت.

نێردراوی کوردستان24، ئەوەشی خستەڕوو، پارتی دەیەوێت پێش ئەوەی رەشنووسی یاسای نەوت و غاز بهێنرێتە پەرلەمان بەشێوەیەکی دادپەروەران دابڕێژرێت کە لە بەرژەوەندی هەرێمی کوردستانیش بێت، پارتی نایەوێت سیناریۆی یاسای بودجە لە یاسای نەوت و غازدا دووبارە بێتەوە، بۆیە پارتی داوای دڵنیایی لە حکومەتی عێراق دەکات لەسەر ئەو پرسە.

زیاتر گوتی، کۆبوونەوەکانی شاندی پارتی دیموکراتی کوردستان بۆ سبەینێش بەردەوامی دەبێت و بڕیارە چەند کۆبوونەوەیەکی دیکە ئەنجام بدەن، لە دوای کۆبوونەوەکانی سبەی، بڕیاروایە بگەڕێنەوە بۆ هەولێر و کۆتایی بەو سەردانە سێ رۆژییەیان بهێنن، دواتر ئەنجامی کۆبوونەوەکان دەخەنە بەردەم سەرۆک بارزانی.

نەورەس عەبدوڵڵا، نێردراوی کوردستان24، بۆ بەغدا، ئاماژەی بەوەشدا، شاندی باڵای پارتی دیموکراتی کوردستان بە سەرۆکایەتی فازڵ میرانی، به‌رپرسی ده‌سته‌ی كارگێڕی مه‌كته‌بی سیاسی پارتی سێ رۆژە لە بەغدا ژمارەیەک کۆبوونەوەیان لەگەڵ سەرکردە سیاسیەکانی بەغدا کردووە، لە دواهەمین کۆبوونەوەشیان، لەگەڵ بافڵ تاڵەبانی کۆبوونەوە.