رووسیا مووشەکی هایپەرسۆنیک بۆ ژێردەریاییە نوێیەکانی دابین دەکات

ژێردەریایی رووسیا
ژێردەریایی رووسیا

K24 - هەولێر

بەڕێوەبەری جێبەجێکاری کۆمپانیای کەشتی سازیی رووسیا، راگەیاند، مۆسکۆ ژێردەریایی ئەتۆمییە نوێیەکانی بە مووشەکی هایپەرسۆنیکی "تسیرکۆن" دروست دەکات کە "موشەکەک خێرایی لەسەرووی خێرایی دەنگەوەیە".

ئەلێکسی رەخمانۆڤ، بەڕێوەبەری جێبەجێکاری کۆمپانیای کەشتی سازیی رووسیا بە ئاژانسی هەواڵی رووسیای راگەیاند: "ژێردەریاییە ئەتۆمییەکانی پڕۆژەی "یاسن-M"، بە سیستەمی مووشەکی تسیرکۆن بە شێوەیەکی هەمیشەیی تەیار دەکرێن"، ئاماژەی بەوەشکرد، کە لە ئێستاوە کارەکان بەم ئاراستەیە بەردەوامن.

ژێردەریاییەکانی یاسن-M، ئەو ژێر دەریاییانەن کە بە مووشەکی کروز تەیار کراون و بە وزەی ئەتۆمی کاردەکات، ئەمەش بۆ جێگرتنەوەی ژێردەریاییەکانی  سەردەمی سۆڤیەت دروستکراون وەک بەشێک بۆ نوێکردنەوەی سوپا و کەشتییەکان.

مووشەکە هایپەرسۆنیکەکانی تسیرکۆن مەودای بڕینی 900 کیلۆمەتریان هەیە، هەروەها خێراییەکەیان لەسەرووی خێرایی دەنگەوەیە، ئەمەش وا دەکات بەرگریکردنیان قورس بێت.

ڤلادیمێر پوتن، سەرۆکی رووسیا لە سەرەتای ئەمساڵدا رایگەیاندبوو، وڵاتەکەی دەست بە بەرهەمهێنانی مووشەکی هایپەرسۆنیکی تسیرکۆن دەکات بە بڕێکی زۆر، ئەمەش لە چوارچێوەی هەوڵەکانی ئەو وڵاتە بۆ بەرزکردنەوەی هێزە ئەتۆمییەکانی.