چی لەبارەی کۆمەڵکوژی کۆچۆوە دەزانیت؟

نۆ ساڵ لەمەوبەر چەکدارانی داعش دانیشتوانی گوندی کۆچۆیان کۆمەڵکوژ کرد

K24 - هەولێر:

ئەمڕۆ نۆ ساڵ بەسەر کۆمەڵکوژی گوندی کۆچۆ تێدەپەڕێت، کە لە 2014 لەسەر دەستی چەکدارانی داعش دژی کوردانی ئێزدی ئەنجام درا.

چەکدارانی داعش ساڵی 2014 دوای کۆنترۆڵکردنی مووسڵ هێرشیان کردە سەر قەزای شنگال و گوندەکانی دەوروبەری، یەکێک لەو گوندانەش کە داعش کۆمڵکوژییەکی گەورەی تێدا کرد، گوندی کۆچۆ بوو کە دەکەوێتە باشووری شنگال و 20 کیلۆمەتر لە ناوەندی قەزاکەوە دوورە.

رۆژی 3ـی ئابی 2014، داعش هێرشی کردە سەر گوندی کۆچۆ و دوای 12 رۆژ لە گەمارۆدانی گوندەکە لە 15ـی ئابی 2014 لە رۆژێکی وەک ئەمڕۆدا، کۆمەڵکوژی لەو گوندە دەستپێکرد.

بەر لە هێرشی داعش بۆ سەر ئەو گوندە، نزیکەی 200 ماڵ لەنێو گوندەکە هەبوو، هەروەها ژمارەی دانیشتوانەکەی 1700 کەس بوو، لەو ژمارەیەش 1250 کەس لە ژن و منداڵ و پیاو، لەلایەن داعشەوە رفێندران و بەشێکیان لە 17 گۆڕی بەکۆمەڵدا نێژران کە تا ئێستا شوێنی گۆڕە بەکۆمەڵەکان نەدۆزراونەتەوە.

لەرۆژی کۆمەڵکوژی گوندی کۆچۆ 400 کەس شەهید کران، سەبارەت بە رزگارکراوانیش، تا ئێستا بە هەوڵی حکومەتی هەرێمی کوردستان و لایەنە پەیوەندیدارەکان توانراوە 700 کەس لە دانیشتوانی گوندی کۆچۆ لە دەستی داعش رزگار بکرێن.

هەر بەهۆی هێرشی داعش بۆ سەر قەزای شنگال زیاتر لە 325 هەزار کوردی ئێزدی ئاوارەبوون. بەگوێرەی نوێترین ئاماری نووسینگەی رزگارکردنی ئێزدییە رفێندراوەکانی سەر بە سەرۆکایەتی هەرێمی کوردستان، بەهۆی هێرشەکەی داعشەوە، 135 هەزار و 860 کوردی ئێزدی ئاوارەی هەرێمی کوردستان بوون، هەروەها 189 هەزار و 337 کەسیش ئاوارەی ناوچە دابڕاوەکانی باشووری کوردستان بوون و زیاتر لە 100 هەزار کەسیش بەرەو دەرەوەی وڵات کۆچیان کردووە.