ڤێدانت پاتێڵ: لە سەپاندنی سزای زیاتر بەسەر ئێران دوودڵ نابین
K24 – هەولێر:
مانگی داهاتوو ساڵیادی کوژرانی ژینا ئەمینییە و جێگری گوتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئەمهریکا رایگەیاند، کوژرانی ژینا ئەمینی تراژیدی و دڕندانە بوو، لە سەپاندنی سزای زیاتر بەسەر پێشێلکارانی مافەکانی مرۆڤ لە ئێران دوودڵ نابن.
ڤێدانت پاتێڵ، جێگری گوتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئەمهریکا ئاماژەی بەوەشدا، سەرکوتکردنی خۆپیشاندەرانیش پێشێلکارییەکی زەقی مافەکانی مرۆڤە و لەگەڵ هاوپەیمان و هاوبەشەکانیان لەبەرامبەر ئەو پرسە لە هەماهەنگیدا دەبن.
پاتێڵ لهمبارهیهوه گوتی: "من باسی ئەو سزایانە ناکەم لە داهاتوودا بەسەر ئێرانیان دەسەپێنین، بەڵام رووداوی کوشتنی ژینا ئەمینی تراژیدی و دڕندانە بوو. بە دڵنیاییەوە لە گرتنەبەری هەنگاوی دیکە و سەپاندنی سزا و بە بەرپرسیارناساندی پێشێلکارانی مافەکانی مرۆڤ لە ئێران دوودڵنابین".
جێگری گوتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئەمهریکا راشیگەیاند، "وەک بینیتان ئێمە ساڵی رابردوو سزای زۆرمان بەسەر ئێراندا سەپاند و بەردەوامیش دەبین. سەرکوتکردنی خۆپیشاندەرانیش لەلایەن ئێرانەوە پێشێلکارییەکی زەقی مافەکانی مرۆڤە و بۆ مامەڵەکردن لەگەڵ ئەو پرسەش لەسەر ئاستی نێودەوڵەتی لەگەڵ هاوپەیمان و هاوبەشەکانمان لە هەماهەنگیدا دەبین".
هەروەها پاتێل ئاماژەی بەوەشکرد، "ئێران بەردەوامە لە چالاکی تێکدەرانە، بە تایبەتی بە پێدانی درۆن بە رووسیا و بەکارهێنانیان لە جەنگی دژ بە ئۆکرانیا. ئێمە دڵنیاین لەوە تاران درۆن رەوانەی مۆسکۆ دەکات، ئەوە پرسێکە ئەمهریکا بە رژدی مامەڵەی لەگەڵ دەکات. بە دڵنیاییشەوە بە هەماهەنگی لەگەڵ هاوبەش و هاوپەیمانەکانمان بەردەوام دەبین لە سەپاندنی سزا و بە بەرپرسیارناساندی رووسیا و ئێران لە بەرامبەر بەکارهێنانی درۆنە ئیرانییەکان دژی ئۆکرانیا".
کچە کورد (ژینا ئەمینی)، رۆژی 13ـی ئەیلوولی 2022 بە پاساوی رەچاونەکردنی باڵاپۆشی، لەلایەن پۆلیسی ئاسایشی کۆمەڵایەتی تارانەوە دەستگیر کرا و دوای سێ رۆژ تەرمەکەی رادەستی بنەماڵەکەی کرایەوە. کوژرانی ژینا ئەمینی لەلایەن پۆلیسی ئێرانەوە کاردانەوەی فراوانی ناوخۆیی و نێودەوڵەتی لێکەوتەوە و بۆ ماوەی چەند مانگێک خۆپێشاندان و ناڕەزایەتی لە زۆربەی شار و شارۆچکەکانی ئێران بەردەوام بوون.