سەرۆک بارزانی: پێویستە لایەنەکانی عێراق رەچاوی بنەماکانی شەراکەت و تەوافق و هاوسەنگی بکەن

سەرۆک مەسعود بارزانی | وێنە: بارەگای بارزانی
سەرۆک مەسعود بارزانی | وێنە: بارەگای بارزانی

K24 - هەولێر

سەرۆک بارزانی لەبارەی پەیوەندییەکانی هەولێر و بەغدا رایدەگەیەنێت، "پێویستە ڕێز لەڕێککەوتنەکان و دەستوور بگیرێت و لایەنەکانی عێراق ڕەچاوی بنەماکانی شەراکەت و تەوافق و هاوسەنگی بکەن". جەختیش لەوە دەکاتەوە، "پێویستە حکومەت و حزب خزمەتکاری میللەتەکەیان بن".

ئەمڕۆ شەممە 19ی ئابی 2023، سەرۆک مەسعود بارزانی لە قەزای ئامێدی لەگەڵ چین و توێژەکان، پێشمەرگە، هەڵگرانی مەدالیای بارزانی، کەسایەتییە کۆمەڵایەتییەکان، پێکهاتەکان و بەرپرسانی حزبی و حکومی و جەماوەری سنوورەکە لە سنوری لقی 18ی ئامێدی پارتی دیموکراتی کوردستان کۆبووەوە.

بارەگای بارزانی لە راگەیەندراوێکدا ئاماژەی بەوە کردووە، لە کۆبوونەوەکەدا سەرۆک بارزانی وتەیەکی پێشکەشی ئامادەبووان کردووە و تیشکی خستووەتە سەر خەبات و تێکۆشان و قوربانیدانی ئەو دەڤەرە لە قۆناغەکانی شۆڕش و پێزانینی بۆ قوربانیدان و ماندووبوونی خەڵکی ئەو دەڤەرە هەبووە و، باسی ئەوەی کردووە، بۆ گوێگرتن لە ڕاوبۆچوون و داواکاریی و کێشەکانی خەڵک، چووەتە دەڤەرەکە.

سەرۆک بارزانی بە پێویستی دەزانێت حکومەتی هەرێمی کوردستان و حزبەکان "خزمەتکاری میللەتەکەیان بن" و ئاماژە بەوە دەدات، "لایەنە پەیوەندیدارەکان و حکومەتی هەرێمی کوردستان هەوڵی خۆیان داوە و دەدەن تاکو دەستی ئاوەدانی و خزمەتکردنی زیاتر بگاتە دەڤەرەی ئامێدی".

وەکو ئەوەی سەرۆک بارزانی باسی کردووە، هەندێک گرفت بەهۆی بارودۆخی ئەمنی لە دەڤەری ئامێدی هەن، "چونکە هەندێک شوێن و گوندی ئەم دەڤەرە بە هۆکاری ئەمنی نەتوانراوە دەستی خزمەتکردنی پێ بگات و ئەوەش بووەتە مایەی کەمبوونەوەی دەرفەتی کار لە سنورەکەدا و لاوازیی کەرتی تایبەت". 

بارودۆخی ناوخۆی هەرێمی کوردستان و پەیوەندییەکانی هەولێر و بەغدا

پەیوەست بە بارودۆخی عێراق و پەیوەندییەکانی نێوان هەولێر و بەغدا، لە کۆبوونەوەکەدا سەرۆک بارزانی کورتەیەکی مێژوویی لەبارەی پەیوەندییەکانی نێوان هەرێم و بەغدا لە دوای ڕووخانی ڕژێم باسکرد و جەختی لەوە کردەوە، "لە هەوڵەکانمان بەردەوامین بۆ چارەسەرکردنی کێشەکان و بۆ ئەم مەبەستە  گفتوگۆکان درێژەیان هەیە و بە ئومێدین بۆ چارەسەرکردنی ناکۆکییەکان".

بە گوتەی سەرۆک بارزانی، "پێویستە ڕێز لەڕێککەوتنەکان و دەستور بگیرێت و لایەنەکانی عێراق ڕەچاوی بنەماکانی شەراکەت و تەوافق و هاوسەنگی بکەن"

سەرۆک بارزانی لە درێژەی وتارەکەیدا لەبارەی بارودۆخی ناوخۆی هەرێمی کوردستان رایگەیاند، "بوونی بیروڕای جیاواز لەناو لایەنە سیاسییەکانی کوردستان بابەتێکی سرووشتیە، بەڵام پێویستە هەموو لایەنەکان لەسەرپاراستن و بەهێزکردنی قەوارەی هەرێمی کوردستان و بەرژەوەندیەکانی هەرێمی کوردستان و هاووڵاتیانی هەرێم کۆک بن".

سەردانی سەرۆک بارزانی بۆ ئاکرێ

ئەم سەردانەی سەرۆک بارزانی بۆ قەزای ئامێدی، دوای سەردانەکەی دوێنێی دێت بۆ قەزای ئاکرێ، کە لەگەڵ چین و توێژی جیاجیا، کەسوکاری شەهیدانی سنوورەکە، پەککەوتووانی سەنگەر، تێکۆشەرانی سنوورەکە، مامۆستا، کەسایەتی ئایینی، کاسبکار، جووتیار، گەنجان و ئافرەتانی ئەو دەڤەرە کۆبووەوە و بۆ ماوەی چەند کاتژمێرێک گوێی لە ڕاوبۆچوون، داوکاری، رەخنە و گلەییەکانیانی گرت.

سەرۆک بارزانی لە وتارەکەی بۆ ئامادەبووانی کۆبوونەوەکە، تیشکی خستە سەر خزمەتکردنی دەڤەرەکە بە گشتی و  ئاماژەی بەوەدا، پێویستە خزمەتی زیاتری هاووڵاتییان بکرێت بەبێ جیاوازی و روونیشیکردەوە، حکومەتی هەرێم کاردەکات بۆ خزمەتکردنی گشت ناوچەکانی هەرێمی کوردستان و دابینکردنی خزمەتگوزاری زیاتر بۆ هاووڵاتییان.