سەرۆک بارزانی: پێویستە خزمەتی زیاتری هاووڵاتییان بکرێت بەبێ جیاوازی

سەرۆک بارزانی
سەرۆک بارزانی

K24 – هەولێر:

سەرۆک بارزانی لەمیانی کۆبوونەوەی لەگەڵ چین و توێژەکانی دەڤەری ئاکرێ رایگەیاند، پێویستە خزمەتی زیاتری هاووڵاتییان بکرێت بەبێ جیاوازی و راشیگەیاند، حکومەتی هەرێم کاردەکات بۆ خزمەتکردنی گشت ناوچەکانی هەرێمی کوردستان و دابینکردنی خزمەتگوزاری زیاتر بۆ هاووڵاتییان.

رۆژی هەینی (18ـی ئابی 2023)، سەرۆک بارزانی لە سەردانێکدا بۆ قەزای ئاکرێ لە بارەگای لقی 9ـی پارتی دیموکراتی کوردستان لەلایەن بەرپرسانی حزبی و حکومی ناوچەکە پێشوازی گەرمی لێکرا.

بارەگای بارزانی بڵاویکردووەتەوە، سەرۆک بارزانی هەر لە قەزای ئاکرێ لە کۆبوونەوەیەکی بەرفراواندا بە بەشداریی چین و توێژی جیاجیا و کەسوکاری سەربەرزی شەهیدانی سنورەکە و پەککەوتووانی سەنگەر و تێکۆشەرانی سنورەکە و مامۆستا و کەسایەتی ئایینی و کاسبکار و جووتیار و گەنجان و ئافرەتان کۆبووەوە.

سەرۆک بارزانی لە وتارەکەی بۆ ئامادەبووانی کۆبوونەوەکە، تیشکی خستە سەر خزمەتکردنی دەڤەرەکە بە گشتی و  ئاماژەی بەوەدا کە پێویستە خزمەتی زیاتری هاووڵاتییان بکرێت بەبێ جیاوازی و روونیشیکردەوە کە حکومەتی هەرێم کاردەکات بۆ خزمەتکردنی گشت ناوچەکانی هەرێمی کوردستان و دابینکردنی خزمەتگوزاری زیاتر بۆ هاووڵاتییان.

هەروەها پەیوەست بە پەیوەندییەکانی نێوان هەرێمی کوردستان و عێراق، سەرۆک بارزانی ئاماژەی بەوەدا کە ئێمە لە گفتوگۆکانماندا بەردەوامین لەگەڵ بەغدا و چاوەڕوانی جێبەجێکردنی رێککەوتنین بۆ پاراستنی ماف و شایستە داراییەکانی گەلی کوردستان و قەوارەی دەستووری هەرێمی کوردستان لە چوارچێوەی دەستوور  و بنەماکانی تەوافوق و شەراکەت و هاوسەنگی.

لە کۆتاییدا سەرۆک بارزانی دەرگای گفتوگۆی بۆ ئامادەبووان کردەوە، بە گرنگییەوە گوێی لە داخوازی و پێشنیازی خەڵکی دەڤەرەکە گرت.

0
0
0
0
0