جێگری وەزیری ناوخۆی ئێران ستایشی هەرێمی کوردستان دهكات
K24 - سۆران:
سەید محەممەد میرئەحمەدی جێگری وەزیری ناوخۆ و سەرۆکی دامەزراوە پیرۆزەکانی ئێران، بە یاوەریی کونسووڵی گشتی ئێران لە هەولێر، سەردانی خاڵی سنووری حاجی ئۆمەرانی کرد و لە لێدوانێکدا بۆ کوردستان24 سوپاسی دەسەڵاتدارانی هەرێمی کوردستانی کرد بۆ ئەو هاوکاری و ئامادەکارییانەی لەو خاڵە سنوورییە بۆ زیارەتکارانی چلهی ئیمامی حوسێن دابینیانکردووە ،کە بە نیازن بەرەو کەربەلا بچن.
جێگری وەزیری ناوخۆ و سەرۆکی دامەزراوە پیرۆزەکانی ئێران گوتیشی: "رۆژانە زیاتر لە پەنجا هەزار زیارەتکار بەم خاڵە سنوورییەدا تێدەپەڕن".
میرئەحمەدی له درێژهی قسهكانی گوتی: "بە پێویستی دەزانم سوپاسی رێبەرانی هەرێمی کوردستان، بەڕێز مەسرور بارزانی و نێچیرڤان بارزانی بکەم. ئەمە دووهەم ساڵە کە لە سنووری حاجی ئۆمەرانەوە، زیارەتکارانی ئیمام حوسێن بەرەو کەربەلای پیرۆز دەچن. ئەمساڵ ئێمە لە پلانەکانی خۆماندا بە تایبەتی سەرنجمان خستووەتە سەر ئەو سنوورە. بە سەرنجدان بە کەشوهەوای گونجاو و ئەو ئامادەکاری و ئاسانکارییانەی بەرپرسانی هەرێم لەمبەری سنوور کردوویانە، بوونە هۆی ئەوەی ئێمە زیاتر ئەو سنوورە بە زیارەتکارانی خۆمان بناسێنین".
دهشڵێت: "بە پێی لێکۆڵینەوەکانمان، لەو خاڵە سنوورییە لانیکەم رۆژانە 50 هەزار کەس دەتوانن تێپەڕ بن. هەر کەسێک لە ماوەی خولەکێکدا لە سنوور تێدەپەڕێ و بەمپێیەش تەنانەت دەتوانن لە ماوەی 24 کاتژمێردا ژمارەی زیارەتکارەکان بگەیەننە 70 هەزار کەس. بارودۆخی نشتەجێبوون و تەندروستی و خزمەتگوزارییەکانی دیکەش لێرە زۆر زۆر باشن و من سوپاسیان دەکەم".
پێشتریش تهیفوور محهممهد پهیامنێری كوردستان24 له سۆران رایگهیاندبوو، بۆ بهشداریكردن له چلهی ماتهمینی ئیمام حوسێن، بهپێی ئهو رێككهوتنهی نێوان لایهنی ئێرانی و ههرێمی كوردستان، هاتنی زیارهتكاران له دهروازهی حاجی ئۆمهرانهوه، لهوێشهوه بۆ شارهكانی دیكهی عێراق، دوێنێ ههینی دهستیپێكرد.
باسی لهوهشكردبوو، هاتنی زیارهتكاران تا 6ـی مانگی داهاتوو بهردهوام دهبێت.
پهیامنێری كوردستان24 له سۆران روونیشیكردبووهوه، ئامادهكاری تهواوكراوه بۆ هاتنی زیارهتكاران، بۆ بهشداری له چلهی ماتهمینی ئیمام حوسێن و پێشبینی دهكرێت رۆژانه 25 تا 30 ههزار زیارهتكار له رێگهی دهروازهی حاجی ئۆمهرانهوه له ئێرانهوه بچنه نهجهف و كهربهلا".
گوتبوشی: "55 كۆمپیۆتهر و كابینه دانراون و لهیهك خولهك 55 زیارهتكار چێكی پاسپۆرتی بۆ دهكرێت".
چاوەڕوان دەکرێت نزیکەی 500 هەزار زیارەتکاری ئێرانی لەڕیگەی دەروەزای نێودەوڵەتی حاجی ئۆمەرانەوە بێنە هەرێمی کوردستانەوە لەوێشەوە بەرەو شارەکانی نەجەف و کەربەلا بەڕێبکەون.
لەو بارەیەوە سیروان حوسێن گوتەبێژی دەروازهی حاجی ئۆمەران پێشتر بەکوردستان24ی راگەیاندبوو، سەرجەم ئامادەکارییەکان لە پاسپۆرت و خاڵی پشکنین و دابینکردنی شوێنی حەوانەوە و پاس بۆ گواستنەوەی زیارەتکاران تەواوبوون.
ملیۆنان شیعە لە شارەکانی عێراق و دەرەوەی ئهو وڵاتە روو لە شاری کەربەلا دەکەن، بۆ یادکردنەوەی چلهی شههیدبوونی ئیمام حوسێن.
چلەکەی حوسێن یەکێکە لە دیارترین بۆنە ئاینییەکان بۆ پێكهاتهی شیعەکان، ئەوان بە سەردانیکردنی گۆڕی حوسێن بن عەلی بن ئەبی تاڵیب کە سێیەم ئیمامی ناو شیعەکانە لە کەربەلا، شیوهن دەگێڕن، هەروەها سهردانی گۆڕی ئەبو فەزل عەباسی براشی دهكهن.