راگەیەندراوی هاوبەشی حکومەتەکانی عێراق و تورکیا سەبارەت بە هەناردەکردنەوەی نەوت

کێڵگەیەکی نەوتی عێراق
کێڵگەیەکی نەوتی عێراق

K24 - هەولێر:

وەزارەتی وزە و سامانە سرووشتییەکانی تورکیا و وەزارەتی نەوتی عێراق پێکەوە راگەیەندراوێکی هاوبەشیان بڵاوکردەوە و تێیدا هاتووە: حەیان عەبدولغەنی، وەزیری نەوتی عێراق و ئاڵپئارسڵان بایراکتار، وەزیری وزە و سامانە سروشتییەکانی تورکیا لە ئەنقەرە کۆبوونەوە.

وەک لە راگەیەندراوەکەدا ئاماژەی پێکراوە، هەردوولا جەختیان لەوە کردەوە، دوای پشکنین و چاککردنەوەی بەشێكی بۆری نەوتی عێراق - تورکیا کە دوای بوومەلەرزەکان لە 6ی شوباتی 2023 زیانی بەرکەتبوو، گرنگە هەناردەی نەوت لە زووترین کاتدا دەستپێبکاتەوە.

ئەوەش خراوەتەڕوو، کە وەزیری نەوتی عێراق و وەزیری وزەی تورکیا رێککەوتن لەسەر هاوکاریکردنی یەکدی لە ئاوەدانکردنەوەی سیستەمی بۆرییەکانی عێراق-تورکیا لە خاکی عێراق.

لە راگەیەندراوە هاوبەشەکەدا ئەوە خراوەتەڕوو، کە هەردوولا بیروڕایان ئاڵوگۆڕ کرد سەبارەت بەو ڕێگایانەی کە تورکیا و عێراق دەتوانن هاوکاری وزە لە بوارەکانی پەیوەندی نەوت و گاز، غاز و کارەبا، وزەی نوێبووەوە و کارایی وزە قووڵتر بکەنەوە.

بە گوێرەی راگەیەندراوەکە، وەزیری وزەی تورکیا و وەزیری نەوتی عێراق کە هەردووکیان هاوسەرۆکی کۆمیسیۆنی هاوبەشی ئابووری تورکیا و عێراقن، بڕیاریاندا، 19ـەمین کۆبوونەوەی کۆمسیۆنەکە لە زووترین وادەی گونجاودا لە بەغدا ئەنجام بدەن.