چوار هاووڵاتی کورد لە گرێ سپی لەلایەن گرووپە چەکدارەکان دەستگیرکران

ئەرشیف
ئەرشیف

K24 - هەولێر

چەکدارانی ئۆپۆزسیۆنی سووریا چوار هاووڵاتی کوردیان لە گرێ سپی دەستگیرکرد.

میدیای ناوخۆی سووریا بڵاوی کردەوە، هەواڵگری تورکیا بە هەماهەنگی لەگەڵ چەکدارانی ئۆپۆزسیۆنی سووریا، لە گوندی عەلی باجلیە لە باشووری گرێ سپی هەڵیانکوتایە سەر ماڵێک و چوار هاووڵاتی کەسیان بە تۆمەتی پەیوەندی لەگەڵ هێزەکانی سووریای دیموکرات (هەسەدە) دەستگیرکرد.

 ئاماژەیان بەوەشکردووە، ئەو چوار کەسەی دەستگیرکراون کورد و یەکێکیان ئافرەتە، هەوڵیانداوە بچنە ناو خاکی تورکیا و دواتر بەرەو وڵاتانی ئەوروپا بڕۆن، بەڵام لەلایەن هەواڵگری تورکیا بۆ ناوەندێکی دژەتیرۆر لە گرێ سپی گواستراونەتەوە.

پێشتریش چەندین هاووڵاتی کورد، لەلایەن گرووپە چەکدارەکان لە گرێ سپی و شار و شارۆچکەکانی رۆژئاوای کوردستان دەستگیرکراون و ژمارەیەکیشیان گولـلەباران کراون.

گرێ سپی کەوتووەتە سنووری پارێزگای رەققە و نزیکە لە سنووری تورکیا، لە شەڕی ناوخۆیی سووریا، شارەکە سەرەتا لە ساڵی 2012 کەوتە دەست سوپای "سووریای ئازاد"، دواتر لە ساڵی 2014 لەلایەن ھێزەکانی داعش داگیرکرا، لە 16ی حوزەیرانی 2016 گرێ سپی لەلایەن ھێزەکانی سووریای دیموکرات ئازادکرا، پاشان لە 13ی تشرینی یەکەمی 2019، شارەکە لەلایەن تورکیا و ھێزە سوورییە ھاوپەیمانەکانی دەستی بەسەرداگیرا.

.