سوودانی داوا لە تورکیا دەکات ئاوی زیاتر بەردەنەوە نێو رووباری فوڕات

K24 - هەولێر

سەرۆکوەزیران محەمەد شیاع سوودانی ئەمرۆ لەگەڵ هاکان فیدان وەزیری دەرەوەی تورکیا و شاندەکەی کۆبووەوە.

لە کۆبوونەوەکەی نێوانیاندا باس لە پەیوەندییە دوو قۆڵییەکانی نێوان هەردوو وڵات و چۆنیەتی بەهێزکردنی هاریکارییە هاوبەشەکان لەسەر ئاستی جۆراوجۆر کرا، گفتوگۆیان لەسەر بەهێزکردنی هاوبەشی ئابووری و هەوڵەکانی بەرەنگاربوونەوەی تیرۆر لە نێوان هەردوو وڵاتدا کرد.

سوودانی جەختی لەوە کردەوە، کە عێراق جدییە لە چارەسەرکردنی هەموو دۆسیەکان بە رۆحیەتێکی هاریکاری و دراوسێیەتییەکی باش، جگە لە بەردەستبوونی دەرفەتی بەڵێن پێدراو بۆ هەماهەنگی ئابووری و بازرگانی زیاتر، چونکە نوێنەرایەتی یەکێک لە گرنگترین رێڕەوە ئابوورییەکانی ناوچەکە و جیهان دەکات و دەرفەتە ئابوورییە مەزنەکانی تێدایە.

هەر لە دیدارەکەدا سوودانی ئاماژەی بە پێویستی هەماهەنگی نێوان عێراق و تورکیا کرد، لەو هەڵوێستانەی کە خزمەت بە بەرژەوەندییەکانی هەردوو گەلی عێراق و تورکیا بکات و ستایشی دەستپێشخەرییەکەی ئەم دواییەی تورکیای کرد بۆ بەردانەوەی ئاو بۆ رووباری دیجلە و داوای لە لایەنی تورکیا کرد کە ئاو بۆ رووباری فوراتیش زیاد بکات، بەتایبەتی لە ئێستادا کە ملیۆنان زیارەتکار سەردانی عێراق دەکەن.

سەرۆکوەزیرانی عێراق باسی لەوەشکردووە، کە رێکەوتوون لەسەر پێکهێنانی لیژنەیەکی هەمیشەیی لەنێوان هەردوو وڵاتدا بۆ چارەسەرکردنی دۆسیەی ئاو.