سەرۆکوەزیران مەسرور بارزانی: لەگەڵ وەزیری وزەی تورکیا باسمان لە دەستپێکردنەوەی هەناردەکردنی نەوتی هەرێمی کوردستان کرد

سەرۆکوەزیران مەسرور بارزانی و ئەلپئەرسلان بەیرەکتار، وەزیری وزەو سەرچاوە سرووشتییەکانی تورکیا
سەرۆکوەزیران مەسرور بارزانی و ئەلپئەرسلان بەیرەکتار، وەزیری وزەو سەرچاوە سرووشتییەکانی تورکیا

K24 – هەولێر:

سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان رایگەیاند، لەگەڵ وەزیری وزەو سەرچاوە سرووشتییەکانی تورکیا جەختیان لەسەر پێویستی دەستپێکردنەوەی هەناردەکردنی نەوتی هەرێمی کوردستان لە رێگەی بەندەری جەیهانی تورکیاوە کردەوە.

رۆژی پێنجشەممە (24ـی ئابی 2023)، مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان لە پۆستێکدا لە تۆڕی کۆمەڵایەتی ئێکس (تویتەر) رایگەیاند، له‌گه‌ڵ ئەلپئەرسلان بەیرەکتار، وەزیری وزەو سەرچاوە سرووشتییەکانی تورکیا باسمان له‌ پێویستی دەستپێکردنەوەی هەناردەکردنی نەوتی هەرێمی کوردستان لە رێگەی بەندەری جەیهانی تورکیا و نەهێشتنی هەموو ئاستەنگێكی تایبەت بەم بابەتە كرد.

سەرۆکوەزیران مەسرور بارزانی ئاماژەی بەوەشکردووە، جه‌ختمان له‌ بره‌ودان به‌ په‌یوه‌ندیی بازرگانیی، بەتایبەتی هەماهەنگیی لە بواری وزەدا كرد.

رۆژی پێنجشەممە (24ـی ئابی 2023)، مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان، پێشوازی لە هاکان فیدان وەزیری دەرەوەی تورکیا کرد و لە دیدارەکەدا کە ئەلپئەرسلان بەیرەکتار، وەزیری وزە و سەرچاوە سرووشتییەکانی تورکیا ئامادەی بوو، دوا پەرەسەندنەکانی عێراق و ناوچەکە و پەرەپێدانی پەیوەندیی دوولایەنە تاوتوێ کرا.

بەگوێرەی راگەیەندراوی نووسینگەی سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان لە کۆبوونەوەکەدا، سەرۆکوەزیران مەسرور بارزانی جەختی لە گرنگیی بەهێزکردنی پەیوەندییەکان لە گەڵ تورکیا لە بواری ئاڵوگۆڕی بازرگانی و ئاسانکاریکردن بۆ هاتووچۆ و گەشتیارانی هەردوولا کردەوە.

هەروەها تەوەرێکی دیکەی کۆبوونەوەکە تایبەت بوو بە پێویستی و گرنگیی دەستپێکردنەوەی هەناردەکردنی نەوتی هەرێمی کوردستان لە رێگەی بەندەری جەیهانی تورکیا و نەهێشتنی هەموو ئاستەنگ و کێشەیەکی تایبەت بەم بابەتە، چونکە وەستانی هەناردەکردنی نەوت، زیانی بە هەموو لایەک گەیاندووە.