بەسام عەلی: بەبێ هەرێمی کوردستان هیچ رێککەوتنێک ئەنجامی نابێت

بەسام عەلی، شارەزای پەیوەندییە نێودەوڵەتییەکان
بەسام عەلی، شارەزای پەیوەندییە نێودەوڵەتییەکان

K24 – هەولێر:

شارەزایەکی پەیوەندییە نێودەوڵەتییەکان، ئاشکرایکرد، پەیڤە دۆستانەی هاکان فیدان باشترین بەڵگە بوو لەسەر دیپلۆماسییەتی سەرۆکوەزیران مەسرور بارزانی کە لە چ ئاستێک دایە، هاوکات توانیویەتی پەیوەندی نێوان هەرێمی کوردستان لەگەڵ بەغدا و وڵاتانی دراوسێ بە ئاسێکی باش بگەیەنێت.

بەسام عەلی، شارەزای پەیوەندییە نێودەوڵەتییەکان، تایبەت بە کوردستان24ـی راگەیاند، هاتنی وەزیری دەرەوە و وزەی تورکیا باشترین بەڵگەن کە سەرۆکوەزیران مەسرور بارزانی لەسەر ئاستێکی زۆر باڵا پەرەی بە دیپلۆماسییەتی هەرێمی کوردستان داوە.

هەروەها راشیگەیاند، پەیوەندییەکانی هەولێر و ئەنقەرە لە ئاستێکی باشدایە، هاوکات دەوڵەتی تورکیا پێویستی بە پەیوەندییەکی باشی ئابووری لەگەڵ عێراق و هەرێمی کوردستان هەیە.

ئاماژەی بەوەشدا، دۆسیەی ئەمنی لەلایەن دەوڵەتی تورکیاوە زۆر گرنگە، ئەمەش مافێکی یاسای نێودەوڵەتی خۆیانە کە لە خاکی هیچ دەوڵەتێکەوە هێرش نەکرێتە سەر وڵاتەکەیان.

ئەو شارەزایەی پەیوەندییە نێودەوڵەتییەکان، باسی لەوەشکرد،  چەقی بازرگانی نێوان عێراق و تورکیا لە هەرێمی کوردستانە، بەهۆی ئەوەی بۆری نەوت لە هەرێمی کوردستانە و لەو رێگەیەوە نەوتی عێراقیش هەناردە دەکرێت، هەروەها دەروازەی ئیبراهیم خەلیلش کە دەروازەیەکی بازرگانییە لەنێوان عێراق و تورکیا دەکەوێتە هەرێمی کوردستان.

بەسام عەلی، گوتی: هەرێمی کوردستان چەقی رێککەوتنی نێوان عێراق و تورکیایە، بێ هەرێمی کوردستان ئەو رێککەوتنانە بە هیچ ئاکامێک ناگات، هەرێمی کوردستانێکی سەقامگیر لە بەرژەوەندی سیاسی، ئابووری و ئەمنی تورکیا و عێراقیشە.

ئەمڕۆ پێنجشەممە (24ـی ئابی 2023) سەرۆکوەزیران مەسرور بارزانی، لەگەڵ هاکان فیدان، وەزیری دەرەوەی تورکیا کۆبووەوە و دواتر لە کۆنفرانسێکی رۆژنامەوانیدا رایگەیاند، لەگەڵ وەزیری دەرەوەی تورکیا و شاندی یاوەری سەبارەت بە هەناردەکردنەوەی نەوتی هەرێم گفتوگۆیان کرد.

ئاماژەی بەوەشدا، هاتنی هاکان فیدان، وەزیری دەرەوەی تورکیا و شاندی یاوەری بۆ عێراق و هەرێمی کوردستان ئاماژەیە بە گرنگی پەیوەندی نێوان هەردوولا، گوتیشی: "هیوادارم لەم دیدارانەی کە کردوومانە هەموولایەک بتوانین سوودی باشی لێببینین".

لەلایەن خۆیەوە هاکان فیدان، وەزیری دەرەوەی تورکیا لەو کۆنگرە رۆژنامەوانییەکەدا ئاماژەی بەوە کرد،"پەیوەندییەکانی تورکیا لەگەڵ بەغدا و هەولێر هەموو کاتێک گرنگی خۆی هەیە، لە سەردانەکەیدا بۆ بەغدا لەگەڵ بەرپرسانی عێراق گفتوگۆیان لەبارەی پەیوەندییەکانی عێراق و تورکیا، رووبەڕووبوونەوەی تیرۆر، پرسی ئاو، دووبارە ئاوەدانکردنەوەی ناوچە وێرانکەرەکانی عێراق و چەند پرسێکی دیکە کرد". 

هاکان فیدان لەبارەی ناوەڕۆکی کۆبوونەوەکەی لەگەڵ سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستان، گوتی: "لەگەڵ سەرۆکوەزیران مەسرور بارزانی ئاماژەمان بە رووبەڕووبوونەوەی تیرۆر، پرسی وزە و بازرگانی و چەندین بابەتی دیکەی پەیوەست بە هەردوولا کرد".