هەدەپە پێش ئەنجامدانی کۆنگرە هاوسەرۆکانی خۆی دیاریکرد

جاهید کڕکازاک و سوڵتان ئۆزجان
جاهید کڕکازاک و سوڵتان ئۆزجان

K24 – هەولێر:

وابڕیارە پارتی دیموکراتی گەلان (هەدەپە) شەشەمین کۆنگرەی خۆی لە 27ـی ئەم مانگە لە ئەنقەرە ببەستێت و داواش لە هەریەکە لە سوڵتان ئۆزجان و جاهید کڕکازاک کراوە، ببنە هاوسەرۆکانی نوێی هەدەپە و ئەوانیش قبوڵیان کردووە.

بەگوێرەی زانیارییەکان لە کۆنگرەی ئەمجارەدا، هەدەپە گۆڕانکاری لە پەیڕەوی ناوخۆ و کەمکردنەوەی ئەندامانی هەمیشەیی دەستەی بەڕێوەبردنی پارتەکەی دەکات، ئەمەش دوای ئەوە دێت کە رۆژی (4ـی حوزەیرانی 2023)، هەریەکە لە مەتحەت سەنجار و پەروین بوڵدان، هاوسەرۆکانی هەدەپە بەهۆی ئەنجامە خراپەکانیان لە هەڵبژاردنەکانی 14ـی ئایاری 2023، رایانگەیاند، لە کۆنگرەی پێشوەختەی پارتەکەیان خۆیان کاندید ناکەنەوە.

هەریەکە لە سوڵتان ئۆزجان و جاهید کڕکازاک لەلایەن دەستەی بەڕێوەبردنی هەدەپەوە پێشنیاز کراون بۆ وەرگرتنی پۆستی هاوسەرۆکی بۆ ئەوەی لە کۆنگرەدا متمانەیان پێبدرێت و ئەوانیش لەلایەن خۆیانەوە رەزامەندیان نیشانداوە.

سوڵتان ئۆزجان ئەندامی دەستەی کارگێڕی هەدەپە و جاهید کڕکازاک، ئەندامی دەستەی کارگێڕی پارتی چەپی سەوزە و پارێزەری سەڵاحەددین دەمیرتاشە.

هەدەپە یەکێکە لەو پارتە سیاسییانەی کە لە هەڵبژاردنەکانی 14ـی ئایار دەنگەکانی بەشێوەیەکی بەرچاو دابەزیون. لەنێوان ساڵانی 2013 بۆ 2015 و بە دیاریکراویش لە قۆناغی ئاشتی و چارەسەرکردنی کێشەی کورد لە تورکیا، هەدەپە توانی دەنگی خۆی بگەیەنێتە لوتکە و 80 کورسی پەرلەمان بەدەستبهێنێت، بەڵام لەم هەڵبژاردنەدا بارودۆخەکە پێچەوانەبوو دەنگێکی زۆری لەدەستدا.

سێیەم هەڵبژاردنە پارتی دیموکراتی گەلان (هەدەپە) بەشێوەیەکی بەردەوام دەنگەکانی لەدەست دەدات و بووەتە نەریتێکی نێگەتیڤی ئەو پارتە لە هەڵبژاردنەکان. لە دوای شکستهێنانی قۆناغی ئاشتی و چارەسەرکردنی پرسی کوردەوە تا ئێستا هەدەپە ملیۆنێک و 266 هەزار دەنگ واتە 19 کورسیی لەدەستداوە.

پارتی ئاشتی و دیموکراسی (بەدەپە) کە دواتر داخرا و لە شوێنی ئەو پارتی دیموکراتی گەلان (هەدەپە) دامەزرا،  لە هەڵبژاردنەکانی ساڵی 2011ـدا بە بەدەستهێنانی 6.4 ـی دەنگەکان توانی 34 کورسی لە پەرلەمانی تورکیا مسۆگەربکات. لەوکاتەدا، بەدەپە بەهۆی بەربەستی یاسایی پەرلەمان لەرێگەی کاندیدانی سەربەخۆ بەشداریی لە هەڵبژاردنەکان کرد بۆیە ژمارەی دەنگەکان بەگوێرەی پێویست نەبوو، بە یەک لیستی دەیتوانی دەنگی زیاتر بەدەستبێنێت.

هەڵبژاردنەکانی 7ـی حوزەیرانی ساڵی 2015 و بەدیاریکراوی کاتی بەڕێوەچوونی پرۆسەی ئاشتی لە تورکیا، هەدەپە توانی دەنگەکانی بکاتە دوو هێندە و 80 کورسی پەرلەمانی بەدەستهێنا.

ساڵی 2018 کە ئەوکات پرۆسەی ئاشتی شکستیهێنابوو، هەروەها لە رۆژئاوای کوردستانەوە تاوەکو خواکورک شەڕێکی بەرفراوان لەنێوان سوپای تورکیا و پەکەکە بەرپاببوو، لەو کاتەدا هەڵبژاردنەکان بەڕێوەچوون و هەدەپە دەنگەکانی کەمکرد، بەشێوەیەک لە کۆی گشتیدا 13 کورسی لە پەرلەمانی تورکیا لەچاو هەڵبژاردنی پێشتر لەدەستدا.

هەرچی پارتی دیموکراتی گەلانە (هەدەپە) بەهۆی مەترسی داخستنی پارتەکەی، بەناوی پارتی چەپی سەوز بەشداری لە هەڵبژاردنەکانی 2023 کرد و بووە خاوەنی 61 کورسی لە خولی 28ـەمینی پەرلەمانی تورکیا. لە کاتێکدا لە هەڵبژاردنی 2018ـەدا، هەدەپە رێژەی 11%ـی دەنگ و 67 کورسی پەرلەمانی بەدەستهێنابوو.

بەپێی ئەنجامی هەڵبژاردنی پەرلەمانی ئەمساڵ، ژمارەی دەنگەکانی هەدەپە بەشێوەیەکی بەرچاو دابەزیوە. کە لەژێر ناوی پارتیی چەپی سەوز بەشداری لە هەڵبژاردنەکان کرد و لە چوارچێوەی هاوپەیمانی رەنج و ئازادی لەگەڵ لایەنە چەپەکانی تورکیا، لە هەموو پارێزگاکان کاندیدیان هەبوو. بەو پێیەش لە کۆتاییهاتنی قۆناغی ئاشتی و چارەسەرکردنی پرسی کوردەوە تاوەکو ئێستا هەدەپە ملیۆنێک و 266 هەزار دەنگ، واتە 19 کورسی لە پەرلەمانی تورکیا لەدەستداوە.

لەنێوان ساڵانی 2013 بۆ 2015 کە گفتوگۆکانی قۆناغی ئاشتی و چارەسەرکردنی پرسی کورد لەنێوان حکومەتی تورکیا و پەکەکە لەئارادابوو، پێگەی هەدەپە لە شانۆی سیاسی تورکیا، ژمارەیەکی کاریگەربوو بۆ یەکلاییکردنەوەی پرسە سیاسییە ئاڵۆزەکان، تا گەیشتن بە داواکردن بۆ بەشداریکردن لە پێكهێنانی حکومەت.

بۆ هەڵبژاردنی سەرۆکایەتی تورکیاش، هەدەپە لە گەڕی یەکەمی هەڵبژاردن کە لە 14ـی ئایاری 2023 بەڕێوەچوو، هەروەها لە گەڕی دووەمی هەڵبژاردنیشدا کە لە 28ـی ئایاری 2023 بەڕێوەچوو، پشتیوانییان لە کەمال کڵچدارئۆغڵو، کاندیدی هاوپەیمانی میللـەت کرد لەبەرامبەر رەجەب تەیب ئەردۆغان، کاندیدی هاوپەیمانی کۆمار کە لە ئەنجامدا، ئەردۆغان سەرکەوتنی بەدەستهێنا و رۆژی 3ـی حوزەیرانی 2023 سوێندی یاسایی خوارد و کابینەی نوێی حکومەتی راگەیاند.