ئەنبار.. میلیشیاکانی حەشدی شەعبی لەترسی جوڵەی ئەمەریکا هەڵاتوون

بنکەی عەین ئەسەد، ئەنبار
بنکەی عەین ئەسەد، ئەنبار

K24 - هەولێر

لە هەفتەی رابردوودا دوو چالاکی لە پارێزگای ئەنبار روویدا، پەرەسەندنی جوڵەی فڕۆکە بارهەڵگرەکانی سەربازیی سەر بە هێزەکانی ئەمەریکا و نیشتنەوەیان لە بنکەی عەین ئەسەد، هەروەها میلیشیا چەکدارەکانی نزیک لە ئێران، بارەگاکانیان لەو پارێزگایە لەناکاو بەبێ ئاگادارکردنەوە چۆڵکردووە و دیارنەماون.

رۆژی شەممەی رابردوو، سەرۆک ئەرکانی سوپای عێراق، لیوا عەبدولئەمیر یارەڵڵا، سەردانی بنکەی عەین ئەسەدی کرد و قسەی لەگەڵ رۆژنامەنووسان کرد سەبارەت بە نەبوونی جوڵەی سەربازی لەو بنکەیە و گوتی: بوونی هاوپەیمانی نێودەوڵەتی تێیدا سنووردارە و تەنها بۆ مەبەستی راهێنان لەوێن.

سەردانەکە هاوکاتە لەگەڵ پەرەسەندنی هەنگاوەکانی ئەمەریکا لە ناوچە جیاوازەکاندا، سەرەڕای ئەوەی هاوپەیمانی نێودەوڵەتی جەختی لەوە کردەوە کە ئەوەی لە ناوچەکەدا روودەدات تەنها کاروباری رۆتینییە.

گوتەبێژی ئۆپەراسیۆنە هاوبەشەکان، تەحسین خەفاجی رایگەیاند، بنکەی عەین ئەسەد عێراقییە، و لەلایەن ئەفسەرانی عێراقەوە سەرپەرشتی دەکرێت، و بوونی هاوپەیمانی نێودەوڵەتی تەنها لە بەشێکی کەمدا سنووردارە.

لەلایەکی دیکەوە، گوتەبێژی پێشووی هاوپەیمانی نێودەوڵەتی، عەقید مایڵز کاگینز، لە راگەیەندراوێکدا پشتڕاستیکردەوە کە "جوڵەی ئەمەریکا لە ناوچەکەدا هەیە، لەنێوان عێراق و سووریادا، کە جموجۆڵی بەردەوامن، ناوبەناو روودەدەن".

کاگنێس ڕوونیکردەوە کە "سوپای ئەمەریکا هێزی سەربازیی ئۆهایۆی گۆڕی کە لەو ناوچەیەدا خزمەتیان دەکرد بە هێزێکی دیکەی نیویۆرک، دەشڵێت: "باسکردنی شەڕێک بەم نزیکانە گاڵتەجاڕییە".

سەرچاوە مەیدانییەکان رایانگەیاندووە، "لەماوەی رابردوودا جوڵەی فڕۆکە بارهەڵگرەکانی ئەمەریکا لە بنکەی عەین ئەسەد زیادیکردووە".

دانیشتوانی گوندەکانی دەوروبەری بنکەکە دەڵێن، "پێشتر جوڵەیەکی سەربازیی لەو شێوەیان نەدیتووە، هەروەها لەماوەی هەفتەی رابردوودا ئەم جموجۆڵ لەو بنکەیەدا کەم نەبووەتەوە".

لەو چوارچێوەیەدا، پیاوانی ئەمنی و کەسایەتییەکانی هۆزەکانی پارێزگای ئەنبار پشتڕاستیان کردەوە، کە سەرنجیان داوە ئەو میلیشیا چەکدارانەی نزیک لە ئێرانن، کە لە کۆتایی شەڕەکانی دژی داعشەوە لە پارێزگاکەدا جێگیر بوون، هیچیان نەماون.

سەرچاوەیەکی ئەمنی ئاماژەی بەوەدا کە "ژمارەیەک لە میلیشیاکان شوێنە ناسراوەکانیان بەجێهێشتووە و روویان لە شوێنە نادیارەکان کردووە، کە رەنگە لە چوارچێوەی ئەو پارێزگایەدا بێت".

بەرپرسانی ئەمنی لە بەغدا و ئەنبار رەتیانکردەوە هیچ لێدوانێک لەسەر زانیارییەکانی سەرچاوە مەیدانییەکان بدەن، بەڵام کارمەندانی حکومەت لە ئەنبار دووپاتیانکردەوە کە "لەماوەی چەند هەفتەی رابردوودا کاروانی میلیشیاکانیان بینیووە، کە بە نائاسایی لەناو پارێزگاکەدا هاتوچۆ دەکەن.

پێشتر خالید یەعقوبی، راوێژکاری سەرۆک وەزیرانی عێراق بۆ کاروباری ئەمنی، بوونی جموجۆڵی سەربازی ئەمەریکای لە ناوخۆی عێراق رەتکردەوە و رایگەیاند، ئەمەریکییەکان جێگەی ئەو هێزانە دەگرنەوە کە لە سووریا جێگیرکراون.

 

سەرچاوە: شەرقولئەوسەت