نزیکەی 605 هەزار گەشتیاری عێراقی لەماوەی حەوت مانگی یەکەمی ئەمساڵدا چوونەتە تورکیا

شوێنێکی گەشتیاری لە تورکیا
شوێنێکی گەشتیاری لە تورکیا

K24 - هەولێر

بە گوێرەی ئامارێکی وەزارەتی کولتوور و گەشتوگوزاری تورکیا، لە ماوەی حەوت مانگی یەکەمی ئەمساڵدا، نزیکەی 605 هەزار گەشتیاری عێراقی چوونەتە تورکیا و باکووری کوردستان؛ بەوپێیە لە رووی ژمارەی گەشتیارانەوە، عێراق لەسەر ئاستی جیهان لە ریزبەندی هەشتەم و لەسەر ئاستی وڵاتانی عەرەبیش لە ریزبەندی یەکەم دێت.  

ئەمڕۆ سێشەممە، 29ـی ئابی 2023، وەزارەتی کولتوور و گەشتوگوزاری تورکیا لە راگەیەندراوێکدا ژمارەی ئەو گەشتیارە عێراقییانەی بڵاوکردەوە کە لە ماوەی حەوت مانگی یەکەمی ئەمساڵدا (مانگی کانوونی دووەم تا مانگی تەممووز) سەردانی شوێنە گەشتیارییەکانی تورکیا و باکووری کوردستانیان کردووە.

بە گوێرەی راگەیەندراوەکەی وەزارەتی کولتوور و گەشتوگوزاری تورکیا، لە سەرەتای مانگی یەک (کانوونی دووەم) تا مانگی حەوت (تەممووز)ـی ئەمساڵ؛ 604 هەزار و 391 گەشتیاری عێراقی سەردانی تورکیا و باکووری کوردستانیان کردووە. وەکو ئەوەی لە راگەیەندراوەکەدا هاتووە، ئەم ژمارەیە بەروارد بە هەمان قۆناخی ساڵی رابردوو (2022) کەمترە، کە نزیکەی 660 هەزار و 45 گەشتیاری عێراقی سەردانی ئەو وڵاتەیان کردبوو.

وەزارەتی کولتوور و گەشتوگوزاری تورکیا ئەوەشی خستووەتەڕوو، گەشتیارە عێراقییەکان سەدا 2.26ـی ئەو گەشتیارانەی جیهان پێکدەهێنن کە لە ماوەی مانگی کانوونی دووەم تا تەممووزی ئەمساڵ سەردانی تورکیایان کردووە.

لەسەر بنەمای ژمارەی ئەو گەشتیارانەی لە ماوەی حەوت مانگی یەکەمی ئەمساڵدا چوونەتە تورکیا، لەسەر ئاستی وڵاتە عەرەبییەکان، عێراق بە نزیکەی 605 هەزار گەشتیار لە پلەی یەکەم دێت، سعوودیە بە 512 هەزار گەشتیار لە پلەی دووەم، کوەیت بە 230 هەزار گەشتیار لە پلەی سێیەم، ئوردن بە 226 هەزار گەشتیار لە پلەی چوارەم، مەغریب بە 142 هەزار گەشتیار لە پلەی پێنجەم، جەزائیر بە 141 هەزار گەشتیار لە پلەی شەشەم و لوبنانیش بە نزیکەی 131 هەزار گەشتیار لە پلەی حەوتەم دێت.

لەسەر ئاستی جیهانیش، وەکو ئەوەی وەزارەتەکە ئاماژەی پێ کردووە، عێراق لە ریزبەندی هەشتەمی ئەو وڵاتانە دێت کە لەماوەی حەوت مانگی یەکەمی ئەمساڵدا، زۆرترین هاووڵاتیی بۆ گەشتوگوزار چوونەتە تورکیا و بە شێوەیەک رووسیا، ئەڵمانیا، بولگاریا، جورجیا، ئیران، هۆڵەندا و پۆڵەندا لە ریزبەندی یەکەمی زۆرترین سەردانیکەر دێن.

رۆژی هەینی، 25ـی ئابی 2023، وەزارەتی کولتوور و گەشتوگوزاری تورکیا رایگەیاند، لە حەوت مانگی ئەمساڵدا 26 ملیۆن و 766 هەزار و 240 گەشتیاری بیانی بۆ گەشتکردن چوونەتە تورکیا و باکووری کوردستان. بەگوێرەی ئامارەکانی وەزارەتەکە، بەراورد بە هەمان قۆناخی ساڵی رابردوو، چوونی گەشتیارانی بیانی بۆ ئەو وڵاتە بە رێژەی 16.22% زیادیکردووە.

ئەمە لە کاتێکدایە بە گوێرەی ئامارەکانی وەزارەتی کولتوور و گەشتوگوزاری تورکیا، ساڵی 2021، 30 ملیۆن و 93 هەزار و 446 گەشتیار و ساڵی 2019ـش 26 ملیۆن و 524 هەزار و 111 گەشتیاری بیانی چوونەتە تورکیا و باكووری کوردستان.