لە ئەنجامی ژێرئاوکەوتنی دوو بەلەمی کۆچبەران لە کەناراوەکانی یۆنان پێنج کەس گیانیان لەدەستدا

رزگارکردنی ژمارەیەک کۆچبەر لەلایەن پاسەوانانی کەناراوەکانی یۆنان - وێنە: AP
رزگارکردنی ژمارەیەک کۆچبەر لەلایەن پاسەوانانی کەناراوەکانی یۆنان - وێنە: AP

K24 – هەولێر:

دەسەڵاتدارانی یۆنان رایانگەیاند، لە ئەنجامی ژێرئاوکەوتنی دوو بەلەمی کۆچبەران لە کەناراوەکانی یۆنان، پێنج کەس گیانیان لەدەستدا کە چواریان منداڵن و ئەو دوو بەلەمە لە تورکیاوە بەرەو دوورگەکانی یۆنان بەڕێگەوەبوون.

پاڤلۆس ماریناکیس، گوتەبێژی حکومەتی یۆنان رایگەیاند، پاسەوانی کەناراوەکانی وڵاتەکەی بەلەمێکی کۆچبەرانیان بینیوە کە ژێرئاوکەوتووە و توانیویانە 18 کەسیان رزگاربکەن و چوار کەسی دیکەش گیانیان لەدەستداوە کە پێکهاتوون لە کوڕێکی هەشت ساڵان و سێ کچ کە تەمەنیان بریتییە لە 14، 11 و هەشت ساڵان.

لەلایەن خۆیەوە، میلتیادیس ڤارڤیتسیۆتیس، وەزیری بارزگانی دەریایی یۆنان رایگەیاندووە، هێزەکانی پاسەوانی دەریایی وڵاتەکەی ئۆپراسیۆنی رزگارکردنی ئەو کۆچبەرانەیان لە سنووری ئاویی تورکیا ئەنجامداوە بەهۆی ئەوەی هێزەکانی پاسەوانی سنووری تورکیا بەدەم کۆچبەرەکانەوە نەچوون و لە رێگەی بەلەمێکی هێزە دەریاییەکانی یۆنانەوە، کۆچبەرەکان گواستراونەتەوە بۆ بەندەری سەرەکی دوورگەی لێسبۆس و دوو لە کۆچبەرەکانیش گواستراونەتە نەخۆشخانە.

هەروەها پاسەوانی کەناراوەکانی یۆنان باسیان لەوەکردووە، هەر دوێنێ دووشەممە (28ـی ئابی 2023) بەلەمێکی کۆچبەران کە 37 کەسی هەڵگرتبوو، دوای بینینی تیمێکی هێزەکانیان خۆیان فڕێداوە و ئەوانیش بە هانایانەوە چوون بۆ رزگارکردنیان و لە ئەنجامدا 10 کەسیان رزگارکردووە و ئافرەتێکیش گیانی لەدەستداوە کە بەدوای کوڕێکیدا ئەویش خۆی هەڵدابووە ناو ئاوەکە و سەرجەم رزگاربووەکانیش گواستراونەتەوە بۆ نەخۆشخانەیەکی ناوچەی سامۆس.

هاوکات پاسەوانی کەناراوەکانی یۆنان لە هەمان رۆژدا 75 کۆچبەری دیکەیان لە سێ رووداوی جیاوازدا رزگارکردووە لە دەریای لێسبۆسدا، هەروەها لە کۆتایی هەفتەی رابردووشدام لە دەریای ئیجە 20 کۆچبەری دیکەیان رزگارکردووە و رۆژی شەممەی رابردووش لە سێ رووداوی جیاوازدا 77 کۆچبەری دیکەیان رزگارکردووە.

لە ماوەی دوو مانگی رابردوودا، رێژەی کۆچکردنی نایاسایی لە رێگەی کەناراوەکانی یۆنانەوە زیادیکردووە بۆ گەیشتن بە وڵاتانی ئەوروپا لەلایەن ئەو کۆچبەرانەی لە وڵاتانی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست و ئەفریقا و هەندێک وڵاتانی ئاسیا بەهۆی هەژاری و ململانێ سیاسییەکانەوە کۆچ دەکەن.

بەپێی ئامارەکانیش ئەمساڵ نزیکەی 113 هەزار کۆچبەر لە رێگەی یۆنانەوە چوونەتە ئیتاڵیا، لە کاتێکدا کۆی گشتی ژمارەی کۆچبەران لە ساڵی 2022 کە چوونەتە ئیتاڵیا نزیکەی 19 هەزار کەس بووە.

هەروەها بەگوێرەی ئامارەکانی نەتەوەیەکگرتووەکان، ئەمساڵ زیاتر لە 15 هەزار و 600 کۆچبەر گەیشتوونەتە یۆنان کە نزیکەی 12 هەزار کەسیان لە رێگەی دەریاییەوە گەیشتوونەتە ئەو وڵاتە.