رێژەی پەناخوازانی ئێران و رۆژھەڵاتی كوردستان لە ئەوروپا زیادیكردووە

K24 - هەولێر

رێژەی پەناخوازانی ئێران و رۆژھەڵاتی كوردستان لە یەكێتیی ئەوروپا لەیەك ساڵدا سەروو چل لەسەد زیادیكردووە. بەگوێرەی راپۆرتێک، وڵاتە ئەوروپییەکان پشتیوانییەكی زۆرتر لە ئێرانییەكان دەکەن و، ھەر لەیەكەم چاوپێكەوتندا مافی پەنابەریان پێ دەدەن.

ئەوروپییەكان پشتیوانییەكی زۆرتر لە پەنابەرە ئێرانییەكان دەكەن؛ ئەمە ناونیشانی دوا راپۆرتی بەڕێوەبەرایەتیی كاروباری پەنابەرانی یەكێتیی ئەوروپایە. ئەو رێكخراوەیە لەدوا راپۆرتیدا ئاماژەی بەوە داوە لە یەك ساڵی رابردوودا رێژەی پەناخوازانی ئێرانی لە یەكێتی ئەوروپا زیاتر بووە و یەكێتییەكەش بەھۆی دۆخی ھەستیاری ئەو وڵاتە پشتیوانی زۆرتری لەو پەناخوازانە كردووە.

لە راپۆرتەكەدا ھاتووە، 41 لەسەدی پەناخوازە ئێرانییەكان ھەر لەیەكەم چاوپێكەوتندا مافی پەنابەریان پێدراوە، كە بەراورد بە پێنج ساڵی رابردوو زۆر زیاتر بووە. بە گشتی لە ساڵی رابردوودا 47ی ئەو كەسانەی داوای پەنابەریان كردووە، دۆسیەكەیان یەكلابووەتەوە و مافی پەنابەریان پێدراوە، ئەوە لەكاتێكدا پێنج ساڵ بەر لەئێستا 31 لەسەدی پەناخوازانی ئێران مافی پەنابەریان پێ دەدرا.

بەرێوەبەرایەتیی كاروباری پەنابەرانی یەكێتیی ئەوروپا دەڵێت، خۆپێشاندانەكانی ساڵی رابردوو، گوشار و ھەڕەشەكان لە چالاكوانان ھۆكاری سەرەكی پشتیوانییەكانی یەكێتی ئەوروپایە لە پەناخوازانی ئێرانی.

لەیەك ساڵی رابردوودا 519 ھەزار ھاووڵاتی لە یەكێتی ئەوروپا داوای پەنابەریان كردووە؛ زۆرترین پەناخوازانیش ئۆكرانی، سووری، ئەفغانی و ئێرانی بوونە، بەڵام بەپێچەوانەی ساڵانی رابردوو ئێرانییەكانیش وەكو ئەو سێ وڵاتەی دیكە دۆسییەكانیان زووتر یەكلادەبێتەوە، چونكە یەكێتی ئەوروپا دۆخی ئێرانیش بە ھەستیار ناوبردووە.

زۆرترین ھاووڵاتی ئێران و رۆژھەڵاتی كوردستان لە رێگەی قاچاخ و بەدەریای ناوەراست بەرەو ئەوروپا دەچن، ھاوكات لە دوو ساڵی رابردوودا لە چەندین رووداودا و بەتایبەت لە رێگەی نێوان فەرەنسا و بەریتانیا دەیان پەناخوازی ئێران و رۆژھەڵاتی كوردستان گیانیان لەدەستداوە، لەگەڵ ئەوەش بەراورد بە ساڵی پێشوو ئەمساڵ رێژەی پەناخوازانی ئێرانی لە ئەوروپا نزیكەی چل لەسەد زیادیكردووە و بەشێكیان ھەرزوو مافی پەنابەریان پێدراوە و ھەندێكیش ھەر لە كەمپەكاندا ماونەتەوە.