هەڤاڵ ئەبوبەکر: کابینەی نۆیەم شەفافترین کابینەی حکومەتی هەرێمی کوردستان بووە

هەڤاڵ ئەبوبەکر، پارێزگاری سلێمانی
هەڤاڵ ئەبوبەکر، پارێزگاری سلێمانی

K24 – هەولێر:

پارێزگاری سلێمانی رایگەیاند، کابینەی نۆیەمی حکومەتی هەرێمی کوردستان شەفافترین کابینەبووە و بەراورد بە کابینەکانی رابردووی حکومەت باشترین کاریکردووە.

هەڤاڵ ئەبوبەکر، پارێزگاری سلێمانی لە دیمانەیەکدا لەگەڵ یەکێک لە میدیاکانی کوردستان رایگەیاند، ئەوەی عێراق بەرانبەر هەرێمی کوردستان ئەنجامی دەدات، بەرنامەیەکە بۆ راگرتنی پێشکەوتنەکانی شارەکانی هەرێمی کوردستان، تاوەکو شارەکانی خۆیان بە ئێمە بگاتەوە، یان بۆ ئەوەیە شارەکانی ئێمەش وەکو شارەکانی عێراق وێران بێت.

پارێزگاری سلێمانی ئاماژەی بەوەشکردووە، خەڵکی ئێستا پێشکەوتنەکانی هەرێمی کوردستان وەکو پێویست لەبەرچاوناگرن بەڵام لە داهاتوودا دەزانن چی لە کوردستان کراوە.

هەڤاڵ ئەبوبەکر لەبارەی دۆخی خزمەتگوزاری لە شارەکانی باشووری عێراق باسی لەوەکردووە، لە حللـەوە تاوەکو بەسرە، بزانن چ پرۆژەیەکی ستراتیژی کراوە کە جێگەی باسکردن بێت، تەنانەت پاشماوەی نەخۆشخانەکان بە بۆرییەک دەچێتە ئاوی دیجلەوە، ئەو رووبارەیان کردووە بە زەلکاو.

هەروەها پارێزگاری سلێمانی پرسیار لەو کەسایەتی و پەرلەمانتارە دەکات کە پێشتر داوایان دەکرد، هەرێمی کوردستانیش وەک عێراقی لێ بێت و دەپرسێت، "کوێی هەرێمی کوردستان وەک عێراقی لێبێت؟" کەس نازانێت ئەوان چ پێشکەوتنێکیان لەوێ بینیوە.

لەبارەی دۆخی پەروەردەش لە عێراق، هەڤاڵ ئەبوبەکر تیشکی خستە سەر خراپی دۆخی کەرتی پەرەوەردە و کێشەی نەبوونی قوتابخانە و دروستکردنی باڵەخانەی نوێ و باسی لە بوونی گەندەڵی فراوانی کەرتی پەروەردەش کرد و رایگەیاند، کتێبێکی خوێندن لە عێراق بە 275 دینار چاپدەکرێت کەچی لە هەرێمی کوردستان تەنیا 75 دینار تێچووی چاپکردنیەتی و لە هەرێمی کوردستان لە چاپخانەیەکی ناوخۆیی چاپدەکرێت و پارەکە لەناوخۆ دەمێنێتەوە، کەچی لە عێراق چاپی کتێبەکانی ناوەندەکانی خوێندن لە وڵاتێکی دراوسێی دەکات و پارەکەش ناگەڕێتەوە بۆ وڵات.

سەبارەت بە کارەکانی کابینەی نۆیەمی حکومەتی هەرێمی کوردستان، هەڤاڵ ئەبوبەکر، پارێزگاری سلێمانی رایگەیاند، ئەم کابینەیە زۆر باشتر کاریکردووە و زۆر شەفافتر بووە لە هەموو کابینەکانی پێشوو، بەڵام خەڵک تەنیا ئەوە دەبینن کە ئێستا لە حوکمدان.