مەریوان قەرەنی: حکومەتی عێراق مامەڵەیەکی یاسایی و دەستووری لەگەڵ هەرێمی کوردستاندا ناکات

مەریوان قەرەنی، ئەندامی پەرلەمانی عێراق
مەریوان قەرەنی، ئەندامی پەرلەمانی عێراق

K24 - هەولێر:

رەنگبێ عێراق یەکەم وڵات بێ لە دنیادا، بە قەرز مووچە بداتە بەشێکی مووچە خۆرانی وڵاتەکەی، کاتێک بڕیاریداوە لە کۆی تەواوی شایستە داراییەکان تەنیا 500 ملیار بە قەرز رەوانەی هەرێمی کوردستان بکات، ئەندامێکی پەرلەمانی عێراق دەڵێت: مامەڵەی حکومەتی عێراق لەگەڵ مووچە خۆرانی هەرێمی کوردستان تەواو جیاوازە لە مامەڵەکردنی لەگەڵ مووچەخۆرانی پارێزگاکانی دیکە.

مەریوان قەرەنی، ئەندامی پەرلەمانی عێراق، تایبەت بە کوردستان24ـی راگەیاند، دەبێت حکومەتی عێراق بە زووترین کات مووچەی فەرمانبەرانی هەرێم بنێرێت،بەهۆی ئەوەی بودجە پەسەندکراوە و پشکی کوردیش لە بودجەدا دیاریکراوە، حکومەتی عێراقی مامەڵەیەکی یاسایی و دەستووری لەگەڵ هەرێمی کوردستاندا ناکات.

ناوبراو دەشڵێت: مامەڵەی حکومەتی عێراق لەگەڵ مووچەخۆرانی هەرێمی کوردستان تەواو جیاوازە لە مامەڵەکردنی لەگەڵ مووچەخۆرانی پارێزگاکانی دیکە.

لەلایەن خۆیەوە، ئاراس عەبدوڵڵا، شارەزای دەستووری، گوتی: ناردنی 500 ملیار بە قەرز بۆ هەرێمی کوردستان پێچەوانەی دەستووری عێراقە و پێچەوانەی یاسای بودجەی عێراقە، جگە لەمانەش پێچەوانەی رێکەوتنی نێوان هەردوو حکومەتی هەرێم و عێراقە.

رۆژی (2ـی ئەیلوولی 2023) ئەشواق جاف،  ئەندامی کۆمیتەی ناوەندیی پارتی دیموکراتی کوردستان بە کوردستان24ی راگەیاند: "ئەوەی ئێستا بەرامبەر بە هەرێمی کوردستان دەکرێت لە بەغدا تەواوکەری پیلانەکانی ساڵی 2014یە کە قوتی خەڵکی هەرێمی کوردستانیان بڕی، بەبێ ئەوەی هیچ ماددەیەکی دەستووریی و یاسای هەبێت، بەڵام نەیانتوانی قەوارەی هەرێمی کوردستان لەناوبەرن، هەروەها ئەوەی لە 16ی ئۆکتۆبەر نەیانتوانی لە رێگەی سەربازییەوە بیکەن دەیانەوێت ئێستا بەجۆرێکی دیکە جێبەجێی بکەن".

گوتیشی: "ئەوەی ئەمڕۆ بەرامبەر بە هەرێمی کوردستان دەکرێت بە شرۆڤە و لێکدانەوەی میزاجییە بۆ یاسای بودجە، بە راشکاوی ئەوەی دەکرێت لە بەغدا بۆ لەناوبردنی قەوارەی هەرێمی کوردستانە، بەغدا هێندە بەهێز نییە، بەڵام نەبوونی یەکدەنگی و یەکڕیزی کورد و یەک بەرەیە بۆ بەرگریکردن لە قەوارەی هەرێمی کوردستان و مافەکانی خەڵکی کوردستان وایکردەوە، کە ئەوان هەوڵی ئەوەبدەن هەرچی بە خوێنی شەهیدان بەدەستمان هێناوە لێمان زەوت بکەن".