فەرمانگەی پەیوەندییەکانی دەرەوە سەرەخۆشی لە کەسوکاری قوربانیانی بوومەلەرزەکەی مەغریب دەکات

K24 - هەولێر

سەرۆکی فەرمانگەی پەیوەندییەکانی دەرەوەی هەرێمی کوردستان سەرەخۆشی لە کەسوکاری قوربانیانی بوومەلەرزەکەی مەغریب دەکات و هیوای چاکبوونەوەی خێرا بۆ برینداران دەخوازێت.

ئەمڕۆ شەممە، 9ـی ئەیلوولی 2023، سەفین دزەیی، سەرۆکی فەرمانگەی پەیوەندییەکانی دەرەوەی حکومەتی هەرێمی کوردستان لە پەیامێکدا کە لە تۆڕی کۆمەڵایەتی ئێکس (تویتەری پێشوو) بڵاویکردووەتەوە، ئاماژەی بەوە کردووە: "پرسە و سەرەخۆشی قووڵی خۆم ئاراستەی هەموو ئەو کەسانە دەکەم کە لە بوومەلەرزە وێرانکەرەکەی مەغریب ئازیزانیان لەدەستداوە. بیرکردنەوە و دوعاکانمان لەگەڵ خێزانە زیانلێکەوتووەکان و خەڵکی مەغریبدایە لەم کاتە سەختەدا. بە هیوای چاکبوونەوەی خێرا بۆ بریندارەکان".

ئەمە لە کاتێکدایە کەمێک پێش ئێستا، میدیای فەرمی مەغریب لە زاری وەزارەتی ناوخۆی ئەوە وڵاتە بڵاویکردەوە، بەهۆی ئەو بوومەلەرزەی بەرەبەیانیی ئەمڕۆ مەغریبی هەژاندووە، زیاتر لە 822 کەس گیانیان لەدەستداوە و زیاتر لە 330 کەسی دیکەش بریندارن.

هاوکات پەیمانگەی جیۆلۆجی مەغریب لە راگەیەندراوێکدا ئاماژەی بەوە دا، بوومەلەرزەکە بە 7.2 پلەی رێختەر روویداوە و بەهێزترین بووە لە ماوەی یەک سەدەی رابردوودا.

لەلایەن خۆیەوە ناوەندیی رووپێوەی جیۆلۆجی ئەمەریکی ئەوەی خستەڕوو، چەقی بوومەلەرزەکەی مەغریب شاری مەڕاکش بووە و بە قووڵایی 18.5 کیلۆمەتر لەژێر تووێکلی زەویدا روویداوە.