پەرلەمانی عێراق گفتوگۆ لەسەر پشکی هەرێمی کوردستان لە یاسای بودجە دەکات

باڵەخانەی پەرلەمانی عێراق
باڵەخانەی پەرلەمانی عێراق

K24 – بەغدا:

لەسەر داوای پەرلەمانتارانی کورد، لە کۆبوونەوەی ئەمڕۆی پەرلەمانی عێراقدا، گفتوگۆ لەسەر پشکی هەرێکی کوردستان لە بودجەی فیدراڵی دەکرێت.

رۆژی شەممە (9ـی ئەیلوولی 2023)، ڤیان سەبری، سەرۆکی فراکسیۆنی پارتی لە پەرلەمانی عێراق بە کوردستان24ـی راگەیاند، داوایانکردووە بڕگەیەک لە بەرنامەی دانیشتنی ئەمڕۆی پەرلەمانی عێراق تایبەت بە گفتوگۆکردن لەبارەی پشکی هەرێمی کوردستان لە بودجە زیاد بکرێت.

بەگوێرەی زانیارییەکانی کوردستان24، پەرلەمانتارانی کورد داوایانکردووە، پشکی هەرێمی کوردستان وەک ئەوەی لە یاسای بودجەدا هاتووە جێبەجێ بکرێت و شایستە داراییەکانی هەرێمی کوردستان لەلایەن حکومەتی فیدراڵییەوە رەوانە بکرێت.

لەلایەن خۆیەوە، فەرمانگەی میدیایی پەرلەمانی عێراق رایگەیاند، لەسەر داوای سەرۆکی پەرلەمانی عێراق، لیژنەی دارایی میوانداری هەردوو وەزیری دارایی حکومەتی فیدراڵی و حکومەتی هەرێمی کوردستان دەکات تایەبت بە داهاتە نەوتییەکان و ناردنی شایستە داراییەکانی هەرێمی کوردستان.

هەر ئەمڕۆ شەممە، ڤیان سەبری، سەرۆکی فراکسیۆنی پارتی دیموکراتی کوردستان لە پەرلەمانی عێراق بە کوردستان24ـی راگەیاند: "حکومەتی هەرێمی کوردستان هەموو پابەندبوونەکانی خۆی لە یاسای بودجەدا جێبەجێکردووە. لەبارەی پرسی رادەستکردنی نەوتیش، بەگوێرەی پێویستی وەزارەتی نەوتی عێراق، نەوت رادەستی حکومەتی عێراق کراوە و بەگوێرەی یاسای بەڕێوەبردنی داراییش، داهاتە نانەوتییەکان رادەست کراون."

هەروەها رۆژی هەینی، (8ـی ئەیلوولی 2023)، پێشەوا هەورامانی، گوتەبێژی حکومەتی هەرێمی کوردستان وەڵامی روونکردنەوەیەکی گوتەبێژی حکومەتی عێراقی دایەوە لەبارەی پرسی شایستە داراییەکانی هەرێمی کوردستان و رایگەیاند: "هیچ هۆکار و بیانویێک نابینین بۆ نەناردنی مووچەی مووچەخۆرانی هەرێمی کوردستان و پێویستە دوور لە ئینفاقی فیعلی بەبێ هیچ تێکەڵکردنێک هاوشێوەی ناوچەکانی دیکەی عێراق مووچە بنێردرێت و بەپێچەوانەی قسەکانی گوتەبێژ، مووچەخۆرانی هەرێم نەک سێ هێندەی مافی خۆیان بۆ نەنێردراوە بەڵکوو لەژێر ناوی قەرزدا ئەوەی کە بۆشیان نێردراوە نیوەی مافیشیان نییە و مووچەی چەند مانگێک پەڕێندراوە و باسی ناردنیشی نەکراوە".

هەرچەندە لە یاسای بودجەی فیدراڵی، پشکی هەرێمی کوردستان دیاریکراوە، بەڵام تاوەکو ئێستا حکومەتی فیدراڵی سەرەڕای ئەوەی حکومەتی هەرێمی کوردستان پابەندییەکانی خۆی وەک لە یاساکەدا هاتووە، جێبەجێکردووە، پشکی هەرێمی کوردستانی رەوانە نەکردووە.

دواجار لە کۆبوونەوەی ئەنجوومەنی وەزیرانی عێراق لە رۆژی (3ـی ئەیوولی 2023) بڕیاردرا بۆ مانگەکانی (ئەیلوول، تشرینی یەکەم و تشرینی دووەم) بڕی 500 ملیار دینار بە شێوەی قه‌رز بۆ هەرێمی کوردستان بنێردرێت تا یەکلایی کردنەوەی کێشە تەکنیکییەکانی نێوان هەولێر و بەغدا لە بارەی جێبەجێکردنی یاسای بودجە.

هەروەها رۆژی پێنجشەممە (7ـی ئەیلوولی 2023)، مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان لە پەیامێکدا لە تۆڕی کۆمەڵایەتی ئێکس (تویتەری پێشوو) رایگەیاند، نەناردنی شایستە داراییەکانمان وەک لە بودجەی فیدراڵدا هاتووە، لەلایەن بەغداوە، زیان بە هاووڵاتییانمان دەگەیەنێت.

هاوکات ئەنجوومەنی وەزیرانی هەرێمی کوردستان لە کۆبوونەوەی ئاسایی خۆیدا لە رۆژی (6ـی ئەیلوولی 2023)، ، جەختی کردەوە کە لە بەرانبەر پابەندییەکانی هەرێم، پێویستە کۆی گشتی شایستەی داراییەکانی بۆ خەرج بکرێت کە بە گوێرەی خشتەکانی یاسای بودجەی عێراق بۆ ساڵی 2023 دەکاتە بڕی 16 تریلیۆن و 498 ملیار دینار، کە مانگانە بە گوێرەی ژمارەکانی بودجە دەکاتە یەک ترلیۆن و 375 ملیار دینار.