گەڕانەوەی زیارەتكاران گرفتی بۆ دەروازە سنوورییەکانی ئێران دروستكردووە

ژمارەیەک زیارەتکاری ئێرانی (ئەرشیف)
ژمارەیەک زیارەتکاری ئێرانی (ئەرشیف)

K24 - هەولێر

شەپۆلی گەڕانەوەی زیارەتكاران گرفتی جیددی بۆ ھەندێك دەروازەی سنووری ئێران و رۆژھەڵاتی كوردستان دروستكردووە؛ پێویستە زیاتر لە چوار ملیۆن زیارەتكار لەماوەیەكی كەمدا بگەڕێنەوە و ئەمەش قەرەباڵغییەكی زۆری دروستكردووە. 

گەڕانەوەی زیارەتكارانی چلەی ئیمام حوسێن لە رێگەی دەروازە سنوورییەکانی عێراق و هەرێمی کوردستانەوە دەستیپێکردووە. زیاترەکاران ئاماژە بەوە دەدەن، لە ھەردوو دیوی سنوور لە رۆژھەڵات و ھەرێمی كوردستان خزمەتگوزاری زۆریان بۆ دابینكراوە.

باران چێشمە، یەکێکە لەو زیارەتكارانەی بۆ جاری یەکەم بوو بەشداری لە چلەی ئیمام حوسێندا بکات و دەڵێت: "ئەوە یەكەم جارم بوو بچمە كەربەلا، مەبەستیشم بوو ھەر بەو سنوورەدا بچم، چونكە كەشەكەی فێنكە، چۆڵترە و خزمەتگوزاری زۆریشیان بۆ دابین كردبووین. گەشتێكی كەم وێنە بوو، ھەرگیزیش لەبیری ناكەم".

لەگەڵ ئەوەی دۆخەی ئەم دەروازە سنوورییە (تەمەرچیان) ئاساییە، بەڵام لە دەروازە سنوورییەكانی دیكە بەم شێوەیە نییە. بەهۆی شەپۆلی گەڕانەوەی زیارەتكاران، دوو رۆژە دەروازەی سنووری مێھران لە پارێزگای ئیلام لە دۆخێكی نائاسایی دایە.

مەجید میرئەحمەدی، بەرپرسی ناوەندیی كاروباری ئەربەعین لە ئێران رایگەیاند، پێویستە سەرووی چوار ملیۆن زیارەتكار بگەڕێنەوە، زۆربەی زیارەتكارەكانیش دەیانەوێت لەو دوو سێ رۆژەدا بگەرێنەوە، ھەربۆیە دۆخی مێھران ئاسایی نییە.

میرئەحمەدی ئاماژە بەوەش دەدات، بۆ دەربازبوون لە قەرەباڵغی ژمارەی دەروازەكانیان لە 30 دەروازە بۆ 120 دانە زیادكردووە، ھاوكات دوو ھەزار پاسیان بۆ گەراندنەوەی زیارەتكاران دابین کردووە، بەڵام لەبەر ئەوەی زۆربەی زیارەتكاران لەیەك كاتدا بڕیاری گەڕانەوەیان داوە، سنووری مێھران و خوسرەوی تووشی گرفت بووە.

ھاوكات سەرۆكی ناوەندی ئەربەعینی ئێران ئاشكراشیكردووە، تا وەکو ئێستا 140 ملیۆن بوتڵ ئاو، 310 ھەزار قاڵبە بەفریان بۆ زیارەتكاران داناوە و ھەزاران شوێنی حەوانەوەش لە ھەردوو دیوی سنوور ئامادەكراون، بەڵام لەگەڵ ئەوەش بەرپرسانی ئێران داوا لە زیارەتكاران دەكەن، بەپەلە بگەڕێنەوە، ئەوەش یەكێك لەو ھۆكارانەیە ئێستا دەروازە سنوورییەكانی ئێران لەگەڵ باشوور و عێراق قەرەباڵغییەكی كەم وێنەیان پێوە دیارە.