وەزیری پەروەردە قوتابخانەیەکی نوێی لە پارێزگای سلێمانی کردەوە

ئالان حەمە سەعید وەزیری پەروەردە
ئالان حەمە سەعید وەزیری پەروەردە

K24 - هەولێر

ئەمڕۆ دووشەممە، قوتابخانەیەکی حکومی 18 پۆلی لە پارێزگای سلێمانی کردەوە، دەڵێت: لەم کابینەیەدا، 1503 قوتابخانە نۆژەنکراوەتەوە، هەروەها 452 ژووری نوێ دروستکراوە، 91 قوتابخانە کەوتووەتە بواری خزمەتەوە.

ئالان حەمە سەعید، وەزیری پەروەردەی حکومەتی هەرێمی کوردستان، لەکۆنگرەیەکی رۆژنامەوانیدا رایگەیاند، ئەمڕۆ کە 11ـی ئەیلوولە، رێککەوتەکی هاوشێوەیە بۆکردنەوەی قوتابخانەیەکی حکومی 18 پۆلی لە پارێزگای سلێمانی، بەتایبەتیش بۆ کەس و کاری شەهیدانی شۆڕشی ئەیلوول، کە بەشێکی زۆری دانیشتوانی کانی ستی کەس و کاری ئەوانەن کە لە شۆڕشی ئەیلوولدا شەهید بوونە.

گوتیشی: حکومەتی هەرێمی کوردستان بەگرنگییەوە، بایەخ ئەدا بە ژێرخانی پەروەردەیی، دوینێش سێ قوتابخانەی حکومی لە قەزای کەلار کراوەتەوە، کردنەوەی ئەو قوتابخانەیی ئەمڕۆش دەبێتە 91 یەکەمین قوتابخانە و باخچە کە لە کابینەی نۆیەمی حکومەتی هەرێمی کوردستاندا، کە ئەچیتە بواری خزمەتی قوتابیان.

دەشڵێت: بەڵێن دەدەین خزمەتی زیاتریان بکەین، ئەم قوتابخانەیەش دەبێتە قوتابخانەیەک کە نەوەکانی ئەوان تێدا بە ئاسوودەیی و ژینگەیەکی ئارامتر لەبواری پەروەردەدا بخوێنن.

وەزیری پەروەردە ئاماژەی بەوەشکرد، فراوانکردنی ژێرخانی پەروەردە یەکێک بووە لەو خاڵانەی کە گرنگییەکی تایبەتی پێدراوە، وێڕای هەموو ئەو کەمووکوڕیانەی رووبەروومان دەبێتەوە لەو ئالنگارییانەی، کە دۆخی سەختی دارایی هەیە، بەڵام سیاسەتی حکومەتی هەرێم لە کابینەی نۆیەم بریتی بووە لە فراوانکردنی ژێرخانی پەروەردە و نۆژەنکردنەوەی قوتابخانە و دروستکردنی ژووری نوێ، کە تائێستاش زیاتر لە 1503 قوتابخانە نۆژەنکراوەتەوە، هەروەها 452 ژووری نوێ دروستکراوە، 91 قوتابخانە کەوتووەتە بواری خزمەتەوە.