ئێران.. لە هەفتەیەکدا 21 کەس بە کۆرۆنا گیانیان لەدەستداوە
K24 - هەولێر
لە ماوەی هەفتەی رابردوودا 21 هاووڵاتیی ئێرانی بە ڤایرۆسی کۆرۆنا گیانیان لەدەستداوە و 782 کەسی دیکەش تووشی ئەو ڤایرۆسە بوون.
رۆژی دووشەممە، 11ـی ئەیلوولی 2023، وەزارەتی تەندروستیی ئێران لە راگەیەندراوێکدا ئاماری نوێی تووشبوون و گیانلەدەستدانی بە ڤایرۆسی کۆرۆنای لەو وڵاتە بڵاوکردەوە.
بە گوێرەی راگەیەندراوەکەی وەزارەتی تەندروستیی ئێران، تەنها لە ماوەی هەفتەی رابردوودا، 782 کەس لە ئێران و رۆژهەڵاتی کوردستان تووشی ڤایرۆسی کۆرۆنا بوون و هەر لەو ماوەیەشدا 21 هاووڵاتیی تووشبوو گیانیان لەدەستداوە.
بەهرام عەینوڵڵاهی، وەزیری تەندروستیی ئیران، دوای بڵاوبوونەوەی ئەو ئامارانە، "گشتگیربوونەوەی ڤایرۆسی کۆرۆنا"ـی رەتکردەوە و رایگەیاند، هیچ جۆرە ڤایرۆسێکی نوێ و گشتگیر لە ئێران نەماوە.
وەکو ئەوەی وەزیری تەندروستیی ئیران ئاماژەی پێ دەدات، "ئێستا ڤایرۆسی کۆرۆنا وەک ئانفلۆئانزای لێ هاتووە کە هاووڵاتیان تەنیا تاک تاک دەیگرن و لە دۆخی پەتای گشتی دەرچووە".
هەر لەبارەی ڤایرۆسی کۆرۆنا؛ رۆژی 22ـی ئابی 2023، نێوەندی کۆنتڕۆڵکردن و خۆپاراستن لە نەخۆشییەکان -CDC لە پۆستێکدا لە تۆڕی کۆمەڵایەتیی ئێکس (تویتەری پێشوو) رایگەیاند، بەدواداچوون بۆ جۆرە نوێیەکەی ڤایرۆسی کۆرۆنا دەکەن.
نێوەندی کۆنتڕۆڵکردن و خۆپاراستن لە نەخۆشییەکان -CDC، ئاماژەی بەوەش دا، جۆرە نوێیەکەی ڤایرۆسەکە بە BA.2.86 ناسراوە و تا ئێستا لە ئەمەریکا و دانیمارک و ئیسرائیل دەرکەوتووە.
هاوکات ڕێکخراوی تەندروستیی جیهانی (WHO) لە راگەیەندراوێکدا ئاماژەی بەوە کرد، گۆڕانکاری زۆر لە BA.2.86 ڕوویداوە و جۆرەکە لە ژێر چاودێریدایە. ڕێکخراوەکە ڕاشیگەیاند، تا ئێستا چەندین حاڵەت لەم جۆرە نوێیە ڤایرۆسی کۆرۆنا لە وڵاتە جیاوازەکاندا تۆمارکراون.