دەزگای خێرخوازی بارزانی پڕۆژەیەکی دابەشکردنی پێدوایستیی قوتابخانەی راگەیاند

مووسا ئەحمەد، سەرۆکی دەزگای خێرخوازی بارزانی
مووسا ئەحمەد، سەرۆکی دەزگای خێرخوازی بارزانی

K24 - هەولێر

دەزگای خێرخوازی بارزانی بە هاوکاری لەگەڵ ژمارەیەک سەرمایەدار، کۆمپانیا و رێکخراوی نێودەوڵەتی پڕۆژەیەکی دابەشکردنی پێداویستییەکانی خوێندنی راگەیاند. سەرۆکی دەزگاکە دەڵێت، "بەردەوام دەبین لە پاڵپشتیکردنی کەرتی خوێندن".

ئەمڕۆ پێنجشەممە، 14ـی ئەیلوولی 2023، مووسا ئەحمەد، سەرۆکی دەزگای خێرخوازی بارزانی لە کۆنفرانسێکی رۆژنامەوانیدا پڕۆژەیەکی دەزگاکەی بە هاوکاری لەگەڵ ژمارەیەک سەرمایەدار، کۆمپانیا و رێکخراوی نێودەوڵەتی بۆ دابینکردنی جانتا، پێنووس، جلوبەرگ و پێداویستییەکانی دیکەی خوێندن بۆ هەزاران قوتابی لە هەرێمی کوردستان راگەیاند.

سەرۆکی دەزگای خێرخوازی بارزانی ئاماژەی بەوە دا، لەم پڕۆژەیەدا 20 هەزار  سێتی پێدوایستی قوتابخانە کە پێکهاتوون لە جانتا، پێنووس، جلوبەرگ و پێدوایستییەکانی دیکەی خەملێندراو بۆ ساڵێکی خوێندنی قوتابیان ئامادەکراون و بەسەر هەزاران قوتابیدا دابەشدەکرێن.   

مووسا ئەحمەد گوتیشی: "دەزگای خێرخوازی بارزانی هەمیشە گرنگیی بە کەرتی پەروەردە و فێرکردن داوە و ویستوویەتی هاوکاری قوتابیان بکات و پێداویستییەکانیان بۆ دابین بکات و، ئەمساڵ چەندین پڕۆژەی گرنگمان لەگەڵ وەزارەتی پەروەرە جێبەجێکردوون".

بە گوتەی سەرۆکی دەزگای خێرخوازی بارزانی، توانیویانە لە ماوەی چەند مانگی رابردوودا بە هەماهەنگی لەگەڵ وەزارەتی پەروەردە "زیاتر لە 135 ژوور بۆ ناوەندەکانی خوێندن زیادبکەین بۆ ئەوەی سێ دەوامی نەمێنێت و بە سوپاسەوە ژمارەیەک لە سەرمایەدار، کۆمپانیا و رێکخراوە نێودەوڵەتییەکان بۆ ئەو مەبەستە هاوکارمان بوون کە زیاتر لە دوو ملیار دینار تێچووە".

وەکو ئەوەی مووسا ئەحمەد باسی کرد، پڕۆژەی ئازیزانی دەزگای خێرخوازی بارزانی کە لە ماوەی رابردوودا راگەیەندراوە، گرنگیی تایبەتی بۆ کەرتی پەروەردە هەبووە بەو پێیەی زیاتر لە 16 هەزار قوتابی تێیدا سوودمەندبوون.