شێروان دووبەردانی: كۆتایی 2023 هه‌وڵده‌درێت مادده‌كانی تایبه‌ت به‌ پشكی هه‌رێمی كوردستان له‌ یاسای بودجه‌ هه‌موار بكرێته‌وه‌

K24 - هەولێر:

ئه‌ندامێکی فراكسیۆنی پارتی له‌ په‌رله‌مانی عێراق به‌ كوردستان 24ی راگه‌یاند، چاوه‌ڕێین رۆژی یه‌كشه‌ممه‌ حكومه‌تی عێراق بڕیار له‌سه‌ر ناردنی 800 ملیار دیناری مانگانه‌ بۆ مووچه‌ی فه‌رمانبه‌رانی هه‌رێمی كوردستان بدات و تا كۆتایی ئه‌مساڵ به‌رده‌وام بێت.

شێروان دووبه‌ردانی، ئەندامی فراکسیۆنی پارتی دیموکراتی کوردستان لە پەرلەمانی عێراق بە کوردستان24ـی راگەیاند، له‌كۆتایی ئه‌مساڵ هه‌وڵده‌درێت مادده‌كانی 12  و 13ی تایبه‌ت به‌ پشكی هه‌رێمی كوردستان له‌ یاسای بودجه‌ی فیدراڵ هه‌موار بكرێته‌وه‌.

دەشڵێت: هەموو دەزانین ئەو فشارەی لەسەر فەرمانبەران و حکومەتی هەرێمی کوردستانە، بەتایبەت لە لایەنێکی سیاسییەوە، چونکە لە خشتەی (و)ـی یاسای بودجەدا لە بڕگەی چواردا هاتووە، کە پارەی مووچەی فەرمانبەرانی هەرێمی کوردستان نۆ ترلیۆن و 298 ملیار دیناری عێراقییە کە مانگانە 775 ملیار دیناری بۆ مووچەیە.

ئەو ناکۆکیانەی لەنێوان لایەنە سیاسییەکانی کوردستان هەیە بە گفتوگۆ چارەسەر دەکرێت، گوتیشی: کورد لە بەغدا دەبێت یەک هەڵوێستی کوردستانیمان هەبێت، چونکە ئەو فشارەی ئەمڕۆ لەسەر کوردستانە، فشارێکی سیاسییە نەک یاسایی.